Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 12 FEB 2026 01:43 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP. info -  ئەمڕۆ چوارشەممە 2/11، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە .

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا.

ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجومەنی وەزیران، وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ە .

لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە %14.1ە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانییانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو.




دوایین هەواڵەکان

لقی ١٦ـی پارتی شەرەفی ئەندامیەتی بەخشییە (١٦٣٥) گەنج و لاوی سنوورەکە

WEDNESDAY, 11 FEBRUARY 2026 23:02:15

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە مەراسیمێکی شکۆداردا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حزبی، (١٦٣٥) گەنج و لاوی سنووری لقی ١٦، وەک ئەندامی نوێ لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەرگیران.

 
لە مەراسیمێکی شایستەدا شەرەفی ئەندامیەتی بەخشرایە ١٦٤ هەڤاڵی نوێی پارتی

WEDNESDAY, 11 FEBRUARY 2026 23:02:33

ڕانیە-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە مەراسیمێکی شایستەدا و بەپێی ماددەی (٨)ـی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەرەفی ئەندامیەتی بەخشرایە ١٦٤ پاڵێوراو کە قۆناغی پاڵێوراوێتییان بە سەرکەوتوویی بڕیبوو.

 
بارانبارین تا سبەی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و ئێوارە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە

WEDNESDAY, 11 FEBRUARY 2026 22:02:27

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نمەباران ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا نیوەڕۆی سبەی بەردەوام بێت.

 
ئامینە زکری پەیامی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی و دۆخی ڕێکخستن لە خانەقین و گەرمیان تاوتوێ دەکات

WEDNESDAY, 11 FEBRUARY 2026 18:02:50

گەرمیان-KDP.info- لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە مەیدانییەکان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ڕێکخستن، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی هەردوو لقی ١٥ی خانەقین و ٢٢ی گەرمیانی کرد. لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کرایەوە: برەودان بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی، دیاریکردنی ئەرکی کادیران، و داڕشتنی پلان بۆ پەرەپێدانی ئۆرگانەکان.

 
بریکاری وەزارەتی بازرگانی: تیمەکانمان شەو ڕۆژ چاودێری بازاڕ دەکەن

WEDNESDAY, 11 FEBRUARY 2026 18:02:42

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "بەھۆی نزیکبوونەوەی ھاتنی مانگی ڕەمەزان ئامادەکاری تەواو کراوە و تیمەکانمان لەو مانگە بەشەوڕۆژ لەکار دەبن بۆ چاودێریکردنی بازاڕ، داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەین  ھاوکاری تیمەکانمان بن بۆ ئەوەی قۆرغکاری نەکرێت و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بە خەڵک ساخ نەکرێتەوە." 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact