ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی دھۆک دەڵێت "ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەمساڵ زۆرترین پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دھۆک دابەش دەکرێت، نزیکەی 10 شارەوانی ئامادەکارییان بۆ زەویدابەشکردن کردووە."
ئەمیر ئەتروشی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "شارەوانی دھۆک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەرفەرمانبەران ئامادەکاری دەکات، نزیکەی 70ھەزار دۆسیەی فەرمانبەران بۆ زەوی وەرگرتن لای ئێمەیە، ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر، بەتایبەت ئەوانەی یاسایی کاری لەسەر دەکەن، ڕۆژانە لەگەڵ شارەوانییەکان لەسەر خەتن، بۆیە ئێستا خەریکی کوژاندنەوەی زەوین، ھەر شارەوانییەک زەوی ئامادەبوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
ئەمیر ئەتروشی گوتیشی "جیاوازی ئێمە لەگەڵ ھەولێر کە ئەوان نزیکەی 30ھەزار پارچە زەویان دابەش کردووە ئەوەیە ئەوان بەکارت دابەشی دەکەن و ڕێکاری خۆی پێویستە تاوەکو تاپۆ دەکرێت، ئێمە 3 ھەزار و 789 پارچە زەویمان دابەش کردووە، چونکە پێشتر زەویمان بەکارت دابەش کرد گرفتی لێ دروست بوو تا تاپۆ کران، چونکە دابەشکردنی زەوی بە کارت وادەکات خاوەن موڵکەکان داواکاری زۆر بکەن، بەڵام گەر موڵکەکان کوژانەوە ئەوکات ئامادەدەبن، ئەمڕۆ زەوی دابەش بکرێت فەرمانبەر دەتوانێ ڕۆژی دواتر تاپۆ بکات، بۆیە دەمانەوێت ھەموو ڕێکارێک تەواو بکرێت ئەوکات دەست بە دابەشکردنی زەوی بکرێت."
ئەتروشی باسی لەوەش کرد "ئێستا زیاتر لە 10 شارەوانی لە سنووری دھۆک ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنی زەوی تەواوکردووە، وەکو بەردەڕەش، ئاکرێ، کەلەک، کەلەکچی، شاریا، خانکێ، زاویتە، شێلادزێ، دێرەلوک و چەند شارەوانییەکی دیکە، بۆیە ئەمساڵ زۆرترین پارچە زەوی لەپارێزگای دھۆک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت، چونکە ڕێکاری زۆری دەوێت لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی، کشتوکاڵ، پلاندانان و لایەنی دیکەی پەیوەندیدار تا زەوی ئامادە دەکرێت، بەڵام کاری باش کراوە و فەرمانبەران بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن زەوی نیشتەجێبوون."
بڵند ئیبراھیم