کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری کەرکووک پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی بەدر کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی محەممەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەدر لقی باکوور و بە ئامادەبوونی د. عومران، سەرۆکی بەوەکالەتی زانکۆی کەرکووک، سەردانی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنیان کرد.

لە دیدارەکەدا، بە بایەخەوە باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێکخراوی بەدر کرا، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەباتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژی دیکتاتۆرییەت.
هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک و دەوروبەری. بڕیار درا کە پێکەوە کار بکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئارامی بۆ تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی، بە ئامانجی چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە شارەکەدا.