ڤێرجینیا-KDP.info-ئێوارەی ڕۆژی شەممە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان، دکتۆر ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەگەڵ ھەڤاڵانی لقی ٧ی پارتی و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردستانی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، دکتۆر ھێمن ھەورامی بە وردی تیشکی خستەسەر ستراتیژییەت و ھەڵوێستە نیشتمانییەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی سەبارەت بە دۆخی سیاسی ھەرێم، ھۆکارە بابەتییەکانی پێکنەھێنانی کابینەی دەیەم و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
ھەورامی ئاماژەی بە سەرکەوتنی گەورەی پارتی دا لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم و عێراقدا، کە تێیدا متمانەی پتر لە ملیۆنێک و سەد ھەزار دەنگدەری بەدەستھێنا، ئەمەشی وەک بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگر بۆ ڕەوایی و پێگەی بەھێزی جەماوەریی حزب لەقەڵەم دا.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، شیکردنەوەیەکی ھەمەلایەنەی بۆ ھاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا و پێگەی ھەرێمی کوردستان لەناو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا پێشکەش کرد. ھاوکات جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی سەرۆک بارزانی کردەوە لە پشتیوانیکردنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، لە ڕێککەوتنەکانی ھەولێر و ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێوە تا دەگاتە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێستا.
دیدارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و وەڵامدانەوەی سەرنج و پرسیارەکانی ئامادەبووان سەبارەت بە ئاییندەی پرۆسەی سیاسی کۆتایی ھات.
