ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریکردنی ھەرێم لە لوتکەی جیھانیی حکوومەتەکان گرنگییەکی ستراتیژیی ھەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەزموونی سەرکەوتووی ھەرێمی کوردستان لە چاکسازی و گەشەپێدان، سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت کەنداوی ڕاکێشاوە.
سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەست بە بەشداریکردنی ھەرێم لە لوتکەی جیھانیی حکوومەتەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لەم لوتکە جیھانییە، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر شێوازی کارکردنی حکوومەت لە ئایندەدا دەبێت. وڵاتانی ئیمارات و کەنداو بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئەزموونی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان دەڕوانن.
بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش کرد، ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات ھەیە و ڕێککەوتنی دووقۆڵی ھەیە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزاییەکانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو. گوتیشی، ''ئەو زانیاری و ئەزموونە نوێیانەی لەم لوتکە جیھانییەدا بەدەست دێن، دەبنە ھەوێنی گۆڕانکاریی ئەرێنی و مۆدێرن لە شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کارکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت لە داھاتوودا.
سیروان محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی گەورەدا تێپەڕ دەبێت، ھەر بۆیە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام کار دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پتەوتر بکات. دووپاتیشی کردەوە کە سەرکەوتوویی ئەزموونی ھەرێم وای کردووە وڵاتانی کەنداو وەک ھاوبەشێکی جێ متمانە و سەرکەوتوو سەیری بکەن.
بڵند ئیبراھیم