هەولێر-KDP.info- قوتابیانی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەشداریكردنیان لەم خولەدا وێستگەیەکی گرنگ بووە بۆ بنیاتنانی کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیرییان. ئەوان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو زانست و زانیارییانەی لە ماوەی خوێندنەکەدا وەریانگرتووە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی ئەدای کاری پارتایەتییان دەبێت و ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ ناو ئۆرگانەکانی حزب.
بەشداربووانی خولەکە دیدگای خۆیان لەسەر گرنگیی وانەکان و کاریگەرییان لەسەر ئاستی مەعریفیی کادیر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان خستووەتە ڕوو،
تەحسین سەلام کە یەکێکە لە قوتابیانی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران، بەشداریكردنی لە خولەکە بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بنیاتنانی کەسایەتیی ڕۆشنبیری و سیاسی وەسف کرد. ناوبراو ناوەڕۆکی وانەکانی لە سێ تەوەری سەرەکیدا کورت کردەوە و ڕایگەیاند، "تەوەری یەکەم بریتی بوو لە پەروەردەکردنی کادیر لەسەر بنەماکانی فەلسەفەی ڕێبازی بارزانی، کە خۆی لە خودناسی، مرۆڤدۆستی و دادپەروەریدا دەبینێتەوە. تەوەری دووەم تەرخان کرابوو بۆ ئاشنابوون بە مێژووی خەبات و پەیڕەوی ناوخۆی حزب و تێگەیشتن لە ئامانجە سیاسییەکان." تەحسین جەختی لەوەش کردەوە کە بەشێوەیەکی زانستییانە بە زانستی سیاسی و پارتایەتی پڕچەک کراون.
لە لایەکی دیکەوە، لێزمە فوئاد سابر، کە یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی خولەکە، ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا وانەکانی پەیمانگا بواری جیاوازی گرتووەتەوە و سوود لە زانستی سەردەم وەرگیراوە. لێزمە گوتی، "پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران خاوەنی مێژوویەکی دێرینە لە دروستکردنی کادیری بەتوانا. دوای تەواوبوونی خولەکە و دەستبەکاربوونەوەمان، ئەرکی ئێمەیە ئەو زانیاری و ئەزموونە دەوڵەمەندە بە ڕێگەی جیاواز بۆ هەڤاڵان و کادیرانی دیکەی ناو ئۆرگانەکان بگوازینەوە."
هاوکات ڕێکان ڕەحمان، قوتابیی خولی ٢٠ی پەیمانگاکە، باسی لە ڕۆڵی پسپۆڕان و شارەزایان کرد لە وتنەوەی وانەکاندا. بە گوتەی ناوبراو، بابەتەکان تەنها لایەنی حزبییان نەگرتووەتەوە، بەڵکو بابەتە هەنووکەییەکانی وەک تەکنەلۆژیا، بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکرد (AI) بەشێک بوون لە پڕۆگرامەکە. ڕێکان ڕوونی کردەوە، "بەو پێیەی پارتی حزبێکی جەماوەرییە، فێربوونی هونەری مامەڵەکردن و خۆگونجاندن لەگەڵ جەماوەر بەشێکی گرنگی خولەکە بوو، کە بێگومان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کارەکانمان دەبێت لە داهاتوودا."
پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ناوەندێکی ئەکادیمیی حزبی، ساڵانە لە ڕێگەی خولی تایبەتەوە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و توانای سیاسیی کادیرەکانی دەدات، بە ئامانجی دروستکردنی نەوەیەک کە توانای خوێندنەوەی بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەبێت.
قائید میرۆ