ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی ٣٢یەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەمیندار و سەرکردایەتی و لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد و ڕۆڵی یەکگرتووی لە خەباتی مەدەنی دا بەرز نرخاند.
دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
یادی (٣٢) ساڵەی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە گەرمی لە بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەھائەدین ئەمینداری گشتی و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتوو پیرۆز دەکەم. ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕۆڵێکی دیاری لە چەسپاندنی کولتووری ئاشتیخوازی، پێکەوەژیان و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیدا ھەبووە. بەشداریکردنی کارای لە پرۆسەی سیاسی و ھەوڵەکانی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان، مایەی ڕێز و پێزانینن.
لەم یادەدا، جەخت لە تەبایی و پێکەوەکارکردنی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکانمان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٢/٦