دهۆک-KDP.info- شیرین حوسنی، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک ڕایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی خەڵک، سێ مانگ جارێک لەگەڵ نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمان کۆدەبنەوە و جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەو پڕۆژەیاسانە بکەن کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە بژێویی هاووڵاتیانەوە هەیە.
شیرین حوسنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان، پێویستە هەر سێ مانگ جارێک مەکتەبەکانی ڕێکخستن لەگەڵ نوێنەرانی گەل کۆببنەوە. لەو چوارچێوەیەدا، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک لەگەڵ نوێنەرانی دهۆک و زاخۆ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، چونکە بڕوای تەواومان هەیە پەرلەمانتار نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکە و دەبێت لە خزمەت ئەواندا بێت.
شیرین حوسنی گوتیشی، ''جەختمان کردووەتەوە کە پەرلەمانتارانمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی هاووڵاتیان بکەن و ببنە دەنگی ڕاستەقینەی ئەوان.
ئەندامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک ئاماژەی بەوە شکرد کە، ''هەر لە ئێستاوە داوامان کردووە پەرلەمانتارانی پارتی کار لەسەر ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیاسانە بکەن کە گرنگن بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی و چاککردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، تاوەکو پڕۆژەکان ئامادە بن بۆ جێبەجێکردن.
قائید میرۆ