ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/٢/٥ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشھاتە مەیدانی و سیاسییەکانی دۆخی سووریا، پرسی کورد لەو وڵاتە و ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و ھەسەدە تاوتوێ کران.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان و پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەکان و گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا کردەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز مەزڵووم عەبدی پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ھەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ھەوڵەکانیان بۆ ھێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ھەر لە دیدارەکەدا، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران و ھەردوولا ھاوڕا بوون کە ھەماھەنگیی نێوان لایەنەکان و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.
