ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/٢/٥، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، فراوانکردنی ھاوبەشیی ستراتیژیی نێوانیان، دۆخی سیاسیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دۆخی گەلی کورد و پێکھاتەکان لە سووریا، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و ھەسەدە، مەترسییەکانی داعش و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی فەرەنسا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ھەروەھا سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک ماکرۆنی کرد بۆ پشتگیریکردنی لە مافەکانی گەلی کورد لە سووریایەکی یەکگرتوودا و ھەوڵەکانی بۆ گەیشتنی حکوومەتی سووریا و ھەسەدە بە ئاگربەست و ڕێککەوتن.
لای خۆیەوە بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پشتگیریکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ھەروەھا ھەموو پشتگیرییەکی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و ھەسەدە و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکان لە سووریای یەکگرتوودا دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕا بوون کە داعش ھێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات. لەمبارەیەوە جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردەوە. دەربارەی دۆخی ناوچەکەش، داکۆکییان لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و ھەوڵدان بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان کرد.

دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لێدوانی ڕۆژنامەوانییان پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکانیانە:
دەقی لێدوانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم ئێوارەیە لە ھەولێر پێشوازیم لە مسیوو (ژۆن نوێل بارۆ) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد. دووبارە بە گەرمی بەخێرھاتنی جەنابیان دەکەم.
لە دیدارەکەماندا باسمان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ھاوبەشیی ستراتیژیمان بۆ ئێستا و داھاتوو کرد. دۆخی سیاسیی عێراق و ھەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد.
سوپاسی دۆستایەتیی دێرین و پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسامان بۆ عێراق و بۆ گەلی کوردستان بەتایبەتی کرد. سوپاس و پێزانینم بۆ جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەمەوە کە ھەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردووە. گەلی کوردستان ھەرگیز ئەمە لەبیر ناکات.
خەمخۆری و دڵسۆزیی فەرەنسا و ڕۆڵی گرنگی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئاگربەست لە سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و ھەسەدە، ھەروەھا پشتگیرییان لە مافەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکان بە شێوەیەکی دەستووری لە سووریا بەرز دەنرخێنین.
تێڕوانینی ھاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا ھەیە کە سەقامگیریی سووریا گرنگە. سووریایەکی یەکگرتوو کە کورد و ھەموو پێکھاتەکان لەخۆ بگرێت و مافی ھەمووان پارێزراو بێت. بۆ ئەوە جەختمان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دیمەشق و ھەسەدە، بە چاودێریی نێودەوڵەتی کردەوە.
لەگەڵ جەنابی وەزیر ھاوڕا بووین کە داعش ھێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. بۆیە پێویستە ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی بەردەوام بێت.
داکۆکیمان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ڕێگری لە زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە کرد. جەختمان کردەوە کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان ئاشتییانە، بە گفتوگۆ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان چارەسەر بکرێن.
جەنابی وەزیر، دووبارە بە ھاتنان خۆشحاڵ بووین، زۆر بەخێر بێن.
دەقی لێدوانی بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:
زۆر سوپاس، جەنابی سەرۆک نێچیرڤانی ئازیز، بۆ پێشوازییەکەت لە ھەولێر، لەم کوردستانەی کە شوێنێکی زۆر تایبەتی لەلای فەرەنسا ھەیە.
ھەمووان لێرە ھێزی پەیوەندییە مێژوویییەکانمان دەزانن. ھەمووان دەزانن کە بە دەسپێشخەریی فەرەنسا بوو بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند کرا، کە تێیدا ناوچەی دژەفڕین لەلایەن فڕۆکەوانە فەرەنسییەکانەوە دابین کرا، ئەوەش کۆتاییی بە کۆمەڵکوژیی کوردەکان ھێنا لەلایەن سەدام حوسێنەوە و ڕێگەی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان خۆش کرد.
ھەمووان خەباتی ھاوبەشی ھێزە چەکدارەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە یادە کە بەم دوایییانە شاری پاریس ڕێزی لێ گرتن، ھەروەھا خەباتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕاگرتنی داعش لەسەر دەروازەکانی ھەولێر و کۆبانێ.
سەرۆک ھۆڵاند، یەکەم سەرۆک دەوڵەت بوو کە سەردانی ھەولێری کرد بۆ دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ برا و خوشکە ھاوسەنگەرەکانمان؛ چونکە ھەمووان ئازایەتی و قوربانیی ئەو پاڵەوانە ژنانەیان لە بیرە کە سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی بەربەرەکان بوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان: کوردستان.
لەناو ناخۆشییەکاندا، فەرەنسا و کوردستان ھەمیشە یەک چارەنووس بوون. ئەمڕۆش، لە کاتێکدا گرژییەکانی سووریا و ئێران ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەھەژێنن، ئێمە کۆبووینەوە بۆ نیشاندانی ھەماھەنگیی نزیک و ھەوڵی ھاوبەشمان.
لێرەدا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو ڕۆڵەی لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا گێڕاویانە.
سەرەتا لە سووریا، جەنابی سەرۆک، ئێوە بە شەخسی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتان گێڕا بۆ کۆتاییھێنان بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان دیمەشق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات.
لە کاتێکدا فەرەنسا بەردەوامە لە ھەوڵە نێوەندگیرییەکانی بە بەشداریی شەخسیی سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەمەوێت سوپاسی ئەو ھەماھەنگییە نزیکەتان بکەم کە لەم ھەفتانەی دواییدا بینیمان، کە ڕێگری لە خوێنڕشتن کرد و بووە ھۆی ھاتنەکایەی ئاگربەست و ئاسانکاری بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوو.
ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ دەھێنێت و دەبێت بەتەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ دابینکردنی گەرەنتیی سیاسی و ئەمنی بۆ تێکەڵبوونی کوردەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا، ھەروەھا دەبێت مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ ناساندنی مافە زمانەوانی، کولتووری و پەروەردەیییەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.
ناساندنی ناسنامەی کوردەکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ بووژانەوەی سووریا، وەک چۆن لە عێراقدا وا بوو. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە و گواستنەوەی سیاسی، بە مەبەستی دروستبوونی سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و ئاشتیخواز کە ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکانی بگرێت. ئاسۆی کوردانی سووریا نابێت تەنھا لە ناوچەکەی خۆیاندا کورت ببێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک عێراق، بەشدار بن لە ژیانی سیاسیی سووریادا.
سەبارەت بە ئێران، توندوتیژیی دەوڵەت دژی گەلی ئێرانم بە توندی سەرکۆنە کردەوە. ئێمە ئاگاداری دۆخی ناوخۆییی نیگەرانکەر و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکانین. دەزانین چ مەترسییەک ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە ئەگەر ململانێیەک ھەڵگیرسێت کە خۆی ھەڵی نەبژاردبێت.
پێشتریش ئەوەمان بینیوە و نە دەتوانین قبووڵی بکەین و نە تەسلیمی دەبین. دڵنیاییم داوە بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی لەگەڵ کوردەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کە دەزانین بەستراوەتەوە بە ئاسایشی خۆمانەوە.
سەردانەکەم دەرفەتێکیش بوو بۆ دیدارم لەگەڵ سەربازە فەرەنسییەکان لە عێراق، بەتایبەتی لە ناو ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش. ئەم ھێزانە خەریکی خۆڕێکخستنەوەن وەک وەڵامێک بۆ گۆڕانی ھەڕەشەی تێرۆریزم کە ئێمە بە توندی پابەندین بە شەڕکردن دژی، ھاوشان و پێکەوە، وەک ساڵانێکە دەیکەین.
جارێکی تریش سوپاسی دۆستە کوردەکانمان دەکەم بۆ ئەو متمانەیەی بە ئێمەیان بەخشیوە و ھەماھەنگییە نایابەکەیان لەم بوارەدا.
پێویست بە گوتن ناکات کە پەیوەندییەکانمان لەوە زیاترن و ھەموو بوارەکانی ئابووری، کولتووری، کۆچ و ژینگە دەگرێتەوە، وەک پرۆژەی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ خزمەتی دانیشتووانی کوردستان. بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەم ھەماھەنگییە.
لێرەدا دەمەوێت بە دڵ سوپاسی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو بڕیارەی شەوی ڕابردوو دایان بۆ پشتیوانیکردن لە فراوانکردنی پێگەی دیپلۆماسیی فەرەنسا لە ھەولێر. ئەمە ھەڵوێستێکی زۆر جوامێرانەیە و گوزارشت لە ھێزی پەیوەندییە دانەبڕاوەکانمان دەکات.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئاماژە بە پێشھاتە سیاسییەکانی ناو ھەرێمی کوردستان و عێراق بکەم. لەبەرامبەر ئەو تەحەددییە گەورانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە و وڵات دەبنەوە، لە بەرژەوەندیی ھەموواندایە کە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کورد دیالۆگێکی بنیاتنەر بکەن. ھەروەھا لە بەرژەوەندیی ھەموواندایە کە سیاسەتی ھەمەجۆری و گەشەپێدان لە عێراقدا بەردەوام بێت.
جەنابی سەرۆک، سبەی بەردەوام دەبم لە سەردانەکەم و شەرەفمەند دەبم بە دیداری جەنابی مەسعوود بارزانی، کە لەگەڵیدا باس لە تەحەددییە زۆرەکانی ناوچەکە و ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان دەکەین.
ئەوە دەرفەتێکیش دەبێت بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو ھاوسۆزی و دۆستایەتییەی مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە. چونکە ھەر لە ساڵی ١٩٦٧دا، مستەفا بارزانی بۆ جەنەڕاڵ دیگۆل نووسیویەتی: «بزانە کە تۆ بۆ ئێمە، کە گەلێکی بوون لێ زەوتکراو و ھەڕەشەلێکراوین و قوربانیی جەنگێکی درێژ و دڵڕەقین، تەنیا لایەنی نێودەوڵەتیت کە دەتوانیت بنەماکانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانەمان بۆ دابین بکەیت.»
جەنابی سەرۆک، نێچیرڤانی ئازیز، بە وەفاداری بۆ ئەم مێژووە ھاوبەشە، فەرەنسا ھەمیشە لە تەنیشت گەلی کورد دەوەستێت بۆ ئەوەی ڕێز لە مافەکانی بگرێت.
دووبارە سوپاس بۆ پێشوازییەکەتان.