دوبەی-KDP.info- ئارین مەسروور بارزانی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، وەک سەرکردەیەکی گەنجی خاوەن دیدگا بەشداری کرد و پەیامێکی ستراتیژیی ئاراستەی گەنجانی کوردستان و ناوچەکە کرد.
ئارین مەسروور بارزانی لە دانیشتنە تایبەتەکەدا سەرەتای وتەکانی بە شانازییەوە بۆ باوکی، مەسروور بارزانی، تەرخان کرد، کە وەک نموونەی باڵای خۆی ناساندی، ئەمەش نیشانەی ڕێز و خۆشەویستی و سوودوەرگرتنە لە نێوان کوڕ و باوکدا و ڕایگەیاند، سەرکردایەتی تەنیا نازناوێکی سیاسی یان سەربازی نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانە. گەنجان تەنیا هێزی کار نین، بەڵکو ژێرخانی نەتەوەیین، هیچ سیستەمێکی دیجیتاڵی ناتوانێت جێگەی سەرکردەیەکی لێهاتوو بگرێتەوە.
دانیشتنەکە بەمشێوەیە بەڕێوەچوو:
لە دانیشتنە تایبەتەکەدا پێشکەشکارەکە یەکسەر پرسیاری ئەزموونی کۆلیژی ساندهێرسی لێکرد کە زۆربەی سەرکردەکانی کەنداو دەرچووی ئەو کۆلێژەن و ئارین مەسروور بارزانیش 2 ساڵ لەمەوبەر هەمان کۆلیژی شاهانەی بەریتانی تەواو کرد:
کاتێک باسی ئەزموونی خۆی لە کۆلێژی شاهانەی سەربازیی بەریتانیا کرد، تەنیا باسی بڕوانامەی نەکرد، بەڵکو باسی لە دروستکردن و تواناسازیی مرۆڤ کرد، ئارین بارزانی جەختی کردەوە کە سەرکردایەتی پێویستی بە کوالێتی و بنەما و باوەڕی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانەدا خۆڕاگر بیت.
ئارین بارزانی گوتی، "سەرکردەکان لە ناو قەیراندا دروست نابن، بەڵکو دەبێت خۆمان هاوکاریان بین و پێیان بگەیەنین."
ئاماژەی بەوە کرد کە گەنجان تەنیا هێزی کار نین، بەڵکو ژێرخانی نەتەوەیین، چونکە هیچ سیستەمێکی دیجیتاڵی و ڕێگەوبان و پڕۆژەیەک ناتوانێت جێگەی سەرکردەیەکی لێهاتوو بگرێتەوە.
باسی لە هەوڵە کردارییەکانی خۆی کرد بۆ هاوکاری گەنجانی کوردستان لە ڕێگەی کۆمەڵێک پڕۆگرامی هاوبەشەوە لەگەڵ ئیمارات.
بە زمانی کوردی پەیامی بۆ گەنجانی کوردستان نارد، کە ژمارەیەکیان بەشداری ئەو پڕۆگرامانەن و لە دانیشتنەکەدا دانیشتبوون، ئەمەش وەک هاندانێکی گەورە بۆ ئەوان بینرا.
جەختی لەوەکردەوە کە، سەرکردە دەبێت وەک قوتابی بمێنێتەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکاندا خۆی بگونجێنێت و بەردەوام فێرببێ.
بڕوایشی وایە، هیچ تەکنەلۆژیایەک ناتوانێت جێگەی توانای مرۆیی بگرێتەوە.
پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و پێی گوتن، "سەرکردایەتی، تەنیا نازناوێکی سیاسی یان سەربازی نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانە."
ڕایگەیاند کە زۆرجار بە هەڵە سەرکردایەتی تەنیا لە کایەکانی سیاسەت، بازرگانی یان سەربازیدا کورت دەکرێتەوە، بەڵام وەک گەنجێکی خاوەن دیدگا گوتی، سەرکردایەتی شێوازی زۆرە و لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەشماندا ڕەنگ دەداتەوە.
یەکێک لە جوانترین بەشەکانی وتارەکەی، گرێدانەوەی سەرکردایەتی بوو بە کەسایەتیی کوردەوە و گوتی، "ئێمەی کورد لە بنەڕەتەوە وەک بەرگریکار پەروەردە کراوین، ئەم بەرگریکار بوونە تەنیا بۆ مەیدانی جەنگ نییە، بەڵکو ئامادەسازییە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی گەورە و پەروەردەیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاستەنگییەک کە لە داهاتوودا دێتە پێش."
ئارین بارزانی گوتی، "مێژووی پڕ لە بەرگریی گەلی کورد، باشترین قوتابخانەیە بۆ ئەوەی گەنجی ئەمڕۆ ببێتە سەرکردەی سبەینێ، چونکە ئەو هەوێنە لە ناو خوێن و پەروەردەی ئێمەدا هەیە."