ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەبارەی دۆخی سووریاوە "تێڕوانینی هاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە" و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق دەکاتەوە.
ئەمشەوی پێنجشەممە، نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان کرد.
نێچیرڤانی بارزانی هەروەها گوتی، "ڕۆڵی گرنگی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئاگربەست لە سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە و پشتگیرییان لە مافەکانی کورد و پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنین".
لەبارەی ڕێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشقەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختمان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی کردووە".
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ گەیشتنی کورد و دیمەشق بە ڕێککەوتن و گوتی، "ئێمە دەمانەوێ وەکو چۆن لە عێراق مافی کورد پارێزراوە، لە سووریاش پارێزراو بێت".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە پێکەوە دژی تیرۆر جەنگان و بەردەوام دەبین".
ئەمڕۆ 5-2-2026، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە رایگەیاند، "بۆ کارێکی گرنگ هاتوومەتە بەغدا، پێکەوەبوون دژی داعش گرنگە و فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر".
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پاش کۆبوونەوەیان لە بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان کرد.
هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.