ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦.٢.٥، بە ئامادەبوونی ڕێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی و کونسوڵ و نوێنەر و نێردەی وڵاتان و ھاووڵاتییان، یازدەمین پێشانگەی "ئۆتۆ شۆ" لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی یەدەگ و جوانکاری بە بەشداریی ١٤٢ کۆمپانیا کرایەوە.
پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە کاتژمێر ١١ـی بەیانی تاوەکو کاتژمێر ٧ـی ئێوارە بە ڕووی سەردانیکاران کراوە دەبێت، لە پێشەنگاکەدا ١٣ بڕاند بەشداری کردووە کە ھەشتیان تایبەتن بە ئۆتۆمبێل و پێنج بڕاندیش لە بواری پارچەی یەدەگ و جوانکارین، ھاوکات ١٢ وڵاتی وەک ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، یابان، تورکیا، میسر، ئیمارات، عێراق، ھیندستان و ئێران بەشدارن.

جێگەی باسە، بۆ سێیەمین ساڵ لەسەر یەک، پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر گەورەترین ڕووداوی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق لە بواری ئۆتۆمبێل ڕێکدەخات، کە تێیدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە بڕاندە جیھانییەکان تۆمار کراون. ئەم پێشانگەیە میوانداریی گەورە پیشەسازییەکانی جیھان دەکات لە بوارەکانی پارچەی یەدەگ و جوانکاری ئۆتۆمبێل، کە بە بەشداریی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستێکی باڵا بەڕێوە دەچێت، ھەروەھا وەک لایەنێکی سەرنجڕاکێشی چالاکییەکان، بڕیارە لە سێیەمین ڕۆژی پێشانگەکەدا نمایشێکی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکان ساز بکرێت.
