ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی شوباتی ٢٠٢٦، سەرۆک بارزانی لە یازدەیەمین کۆنگرەی تەندروستیی مێزۆپۆتامیا لە ھەولێر وتارێکی پێشکەش کرد. سەرۆک بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە پزیشکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە، ئەرکی پزیشکیی بە "پیرۆز" وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاکی کورد لە بواری زانستیدا خاوەن توانایەکی بەرزە و جێی شانازییە.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و بە تایبەت ڕۆژئاوا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بینیمان خەریک بوو کارەساتێکی گەورە ڕووبدات و ببێتە شەڕی دوو نەتەوە و سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد کە ترسی ھەبووە لەوەی شەڕی کورد و عەرەب ڕووبدات و کارەساتی بەدواوە بێت، سەرۆک بارزانی بە گەڕانەوە بۆ مێژوو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کورد ھیچ کاتێک دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و ئاماژەی بەوەدا ئەوەی پێمان کرا کردمان و ھیوای خواست کە رێکەوتنی برایان لە رۆژئاوا و حکومەتی سوریا بەردەوامبێت، سەرۆک بارزانی سوپاسی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ ئەو یەکریزیە نەتەوەیەی کە ئەنجامیاندا لەم پرسەدا و بە سەرکەوتن وەسفی کرد و سوپاسی خەڵکی کوردستان و دەزگاکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کرد بۆ کۆمەک و ھاوکاریکردنی خوشک و برایانی رۆژئاوا، سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە نابێت بیر لە شەڕ بکرێتەوە بەڵام زۆری زۆردارانیش قەبوڵ ناکەین، سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە باکور سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە لە یەکەم رۆژەوە پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتیان کردووە و پشتیوانیشی لێدەکات و ھیوای خواست کە بگاتە ئەنجامێک خێری ھەبێت بۆ ھەموو لایەک، لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی لەسەر چەندین پرسی تر قسەی کرد.

ئەمەی خوارەوەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە:
بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان
پێشەکی بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەمووتان دەکەم و دەستخۆشیی لە سەندیکای پزیشکان و بۆردی میزۆپۆتامیا دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنگرەیە کە یازدەیەمین کۆنگرەیە. من دەمەوێ بڵێم ھەمیشە دڵ و دەرگای ھەولێر کراوەیە بۆ ئێوە و بۆ ئەم جۆرە چالاکییانە.
ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ لێرەن کە ئەمە جێی شانازییە و جێی ئومێدە بۆ ئێمە.
ئەم جۆرە چالاکییانە، زۆر زۆر بە قیمەتن، گۆڕینەوەی ئەو زانستە، ئەو ئەزموونە، ئەمانە ھەموو خزمەتێکی گەورە دەکەن بە میللەتەکەمان، کارێکی پیرۆزتان کردووە، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و سوپاستان دەکەم.
کاری پزیشک، کارێکی زۆر پیرۆزە، رزگارکردنی ژیانی بەشەرە، کارێک نییە لەمە پیرۆزتر ھەبێت. لەبەر ئەوە ئێوەش پیرۆزن، چونکە ئەرکی ئێوە ئەرکێکی پیرۆزە.
داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و بە ھەموو ھێز و توانایەک لەگەڵ ئێوەین و پشتیوانیی ئێوەین.
ژمارەیەک لەو پزیشکە بەڕێزانەی دەرەوەی وڵات (دیاسپۆڕا) بەشدارن لەمە، ھەروەھا لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، ئەمە حەقیقەتێک پیشان دەدات، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێ بۆ تاکی کورد، تاکی کورد کەمتر نییە لە خەڵکی تر. شکور بۆ خوا پرۆفیسۆری زۆر گەورە ھەڵکەوتوون، زانای زۆر گەورە ھەڵکەوتوون کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین و ئومێدەوارین ئەو کوردانەی تاراوگە، سوود لەم دەرفەتە ببینن، ھەروەکوو زۆرێک لەم بەڕێزانە سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە و منداڵەکانیان ھان بدەن فێری خوێندن بن، فێری زانست بن، ئنجا لە ھەر بوارێکدا بێت، دوور بکەونەوە لە شتی نامۆ، دوور بکەونەوە لەو شتانەی کە بە زەرەری خۆیان و میللەتەکەیان تەواو دەبێت. لە ھەمان کاتیشدا فێریان بکەن کە زمان و خاک و میللەتیان لەبیر نەکەن.
بەڕێزان
من نامەوێ زۆر کاتی ئێوە بگرم، بەڵام ھەموومان بینیمان پێش ماوەیەک، کارەساتێکی گەورە خەریکبوو رووبدات لە رۆژئاوا، بەداخەوە. من ناشمەوێت بچمە تەفاسیلی ئەم وەزعە بۆ وای لێھات و چۆن وای لێھات، بەڵام وەک عەرەب گوتەنی (دفع اللە ما کان أعڤم). ترسی گەورەی من ئەوە بوو کە ببێتە شەڕی کورد و عەرەب. خۆشتان دەزانن ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ھیچ کاتێک کورد دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و ھیچ کاتێکیش لە ھەموو سەرکردەکانی شۆڕشەکانی کوردستان، ھەمیشە رێنمایی ئەوە بووە کە شەڕی ئێمە دژی زۆردارە نەک دژی میللەت، من ترسی ئەوەم ھەبوو کە ببێتە شەڕی کورد و عەرەب کە ئەمە دەبوو بە کارەساتێکی گەورە.
دیسان بۆ وای لێ ھات؟ من ناچمە ئەو تەفاسیلە. لە حاڵەتی وەھادا مرۆڤ دەبێ دوور لە عاتیفە بڕیار بدات و دوور لە عاتیفە ھەنگاویش بنێت. ئەوەی پێمان کرا کردمان، ئێمە سەربەرزین، ھەروەک چۆن کاتی خۆی کە پێویست بوو و ھەلومەرج لەبار بوو، پێشمەرگەمان نارد چوون لە کۆبانێ شان بە شانی براکانیان شەڕی داعشیان کرد و کۆبانێیان رزگار کرد.
ھەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو، ئەمجارە پێویستیی بەوە بوو کە ئاگرەکە بکوژێتەوە. سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ ھەموو لایەنەکانی کە ھاوکار بوون، شەڕەکە نەک گەورە نەبوو و نەبوو بە شەڕی کورد و عەرەب، شتی ناخۆش رووی داوە، بەڵام دەکرا شتی زۆر زۆر خراپتر رووبدات. ئێستاش رێککەوتنێک بووە لە نێوان برایانمان لە رۆژئاوا و حکوومەتی سووریا، ئێمە ئومێدەوارین ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام بێت و ئەوەی پێمان کرا، کردمان بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات. لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێپایانی ھەموو تاکێکی کورد بکەم لە ھەر چوار پارچە و لە دەرەوەش، بۆ ئەو یەکڕیزییە و ئەو بیرە نەتەوەییە کە بە ھیچ شتێک تەقدیر ناکرێت چەند بەقیمەت و چەند توانای بە ھەموومان دا، ئەمە گەورەترین سەرکەوتن بوو. لە لایەکی ترەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ ئەو یارمەتیدانە و بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی کە بینیمان. بە ھەزارەھا گەنج خۆبەخش بوون بۆ ئەوەی بچن یارمەتیی برایانیان بدەن. سوپاسی ھەموو ئەو دامودەزگایانە دەکەم کە چوون بۆ ھاوکاریی برایانیان و خزمەتیان پێشکەش کردن. بە تایبەتی لێرەدا من دەمەوێ سوپاسێکی بێپایانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەم و سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستانیش بکەم کە توانییان خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە برایانی رۆژئاوا بکەن.
من ئومێدەوارم ئەو یەکێتییەی کە بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەمە ئیتر ببێتە ئەساسێک بۆ داھاتوو و بۆ ھەموو رووداوێکیش کە لەمەودوا ئەگەر رووبدات. ئێمە نابێت بیر لە شەڕ بکەینەوە، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ئێمە زۆری زۆردارانیش قەبووڵ ناکەین.
ئێمە دوعا دەکەین، تەمەننا دەکەین دۆخەکە بەرەو باشتر بچێت، خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا ئیتر ژیانێکی ئاسوودە ببەنە سەر و ئەوەی پێشمان بکرێت، ئێمە درێغی ناکەین لە یارمەتیدانیان.
بە نسبەت باکوور، تەبیعی ساڵێکە یان تۆزێک زیاتر، پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە، ئێمە ھەر لە یەکەم رۆژەوە پشتیوانیمان لێ کردووە و پشتیوانیی لێ دەکەین، ئومێدەوارین بگاتە نەتیجەیەک کە خێری ھەموو لایەکی تێدا بێت. من ھەر ئەوەندە دەڵێم.
بە نسبەت دۆخی ناوخۆی ھەرێم و لەگەڵ بەغدا، بەداخەوە دوای ھەڵبژاردنی پار ساڵ نە لە ھەرێم حکوومەت تەشکیل بووە، نە لە بەغداش حکوومەت تەشکیل بووە، گیروگرفت زۆرن، یانی دەبێ ئێمە راستگۆ بین لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ میللەتی خۆمان، بەڵام لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو گیروگرفتانە نەمێنن و چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ ھەرێم، بۆ بەغداش ئەوەی پێمان بکرێ ھاوکاریی برادەرانمان دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی زوو لەو قەیرانە دەربچین ھەم لە ھەرێم و ھەم لە بەغداش. بەڵام گرفت زۆر ھەن.
دۆخی ناوچەش بە گشتی دۆخێکی ئاڵۆزە ھەروەکوو خۆتان دەیبینن، ئێمە تەمەننا دەکەین شەڕ روونەدات لە نێوان ھیچ لایەک، چونکە خراپترین شت شەڕە و ئومێدەوارین ئەو گیروگرفتانەی ھەن، ئەو ناکۆکییانەی ھەن لە نێوان ئەم دەوڵەتانە، بە دیالۆگ، بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، چونکە شەڕ بە زەرەری ھەموو خەڵکی ناوچەکەیە و بە زەرەری ھەموو لایەکە.
لە کۆتاییدا من پیرۆزبایی ئەم کۆنگرەیەتان لێ دەکەم و دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە ھەموو توانایەک پشتیوانتانین، داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم. دەبێ بشزانین ئەگەر ئێمە ئیرادەمان ھەبێت و بڕوامان بە دۆزی میللەتەکەمان ھەبێت، ھەمیشە دۆستمان ھەیە، ئەگەر ئیرادەمان نەبێت و ئامادە نەبین و بڕوامان بە خۆمان نەبێت، کەس دۆستی ئێمە نییە. ئەمە زۆر چاک بزانن.
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی ھەموو شەھیدان و سڵاو بۆ ھەموو خوشک و برایانی کورد و کوردستانی لە ھەر کوێیەکی ھەن، داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و ئیشەڵا کوردستان ھەر لە خۆشیدا بێت.
زۆر سوپاس.