دوبەی-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوبەی، لەگەڵ محەممەد قرقاوی، سەرۆکی لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکان و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی سەرکەوتنی لووتکەکەکەی لە محەممەد قرقاوی کرد کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین کۆنفرانس و لووتکەکانی ناوچەکە و جیھان.
ھەروەھا سوپاسی ھاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، کە نموونەیەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندووی ئابووری و حوکمڕانییە.
وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، سوپاسی بەشداری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی لە لووتکەکە کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی و ھاوکاریکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کردەوە، لەم ڕووەوە ئاماژە بە پلاتفۆرمی یاسایی درا کە بڕیارە لەم نزیکانەدا، بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکە لە بڕگەکانی ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنەی کە لەنێوان ھەردوولادا واژۆ کراوە.
