ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٦/١/١٧ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز تۆم باراک، نوێنەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا و دوایین گۆڕانکارییە مەیدانی و سیاسییەکان، تاوتوێ کران. ھەردوولا ھاوڕا بوون کە ڕێگەچارەی سەربازی کێشەکان چارەسەر ناکات و بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، پێویستە ھەموو لایەک پەنا بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن ببەن.
شاندی میوان ستایشی ڕۆڵ و ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ نێوەندگیریی نێوان لایەنەکان و ھێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسکردنی ڕۆڵی کارای ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە داھاتووی سووریادا مافەکانی گەلی کورد و تەواوی پێکھاتەکان پارێزراو بێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سووریا بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.