هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر ڕۆڵی پێشەنگ و کارایی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی کردەوە لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان :
پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٢٧) ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی.
بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتی و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی.
لە (٢٧) مین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بینەرانی هێژای کوردستان تیڤی دەکەین، هیوادارین بۆ لەمەودواش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری خۆتان ببینن و، وەک هەمیشە هەڵگری پەیامی ڕاستەقینە و بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی گەلەکەمان بن.
کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، کە بە بڕیار و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (سەرۆک بارزانی)دامەزرا، دەستکەوتێکی دیکەی خەباتی بێوچانی گەلەکەمان و پارتیمانە بۆ خزمەتکردنی بواری میدیا و خستنەڕووی خواست و ویستی کوردستانیان.
کوردستان تیڤی لە ماوەی کار و چالاکییەکانیدا هەمیشە بڵندگۆی ڕاستەقینەی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بووە، خزمەتێکی زۆری کایە رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەرییەکانیشی کردووە، بۆیە مایەی شانازی و دەستخۆشییە.
بێگومان ئەمڕۆش جێدەستی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا دیارە و وەک کەناڵێکی پێشەنگ بەردەوام بووە و، مسداقیەتی خۆی پاراستووە، ئەمەش بۆ هەوڵ و کۆشش و نەسرەوتوویی ئێوە و دڵسۆزانی کەناڵەکە دەگەڕێتەوە.
لەم یادە دا جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی خۆمان بۆ کوردستان تیڤی دووپات دەکەینەوە و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦