فازڵ میرانی
هیچ تەنێکی لار لەسەر ڕوویەکی تەخت جێگیر نابێت، مەگەر بەهۆی هێزێکەوە، کە ڕێ لە کەوتنی بگرێت. ئەم یاسا سروشتییانە حوکم بەسەر سیاسەتیشدا دەکەن، هەروەک چۆن بەسەر هەر پێکهاتەیەکدا دەچەسپێن کە بەبێ هاوکێشەی وردی بیرکاری ڕاست نابێتەوە.
لە سیاسەتدا هۆکارەکانی سەقامگیری زۆرن، یەکێکیان «تۆکمەکردنی سەقامگیری»ـیە. ئەم تۆکمەکردنە زۆر پێویستە بۆ پاراستنی هەر مۆدێلێکی سیاسی، بەتایبەت لەو ئەزموونە نوێیانەی حوکمڕانیدا کە تیۆرییەکی جیاواز لە قۆناغی پێش خۆیان پەیڕەو دەکەن.
ئەو کاراکتەرە سیاسییانەی کار بۆ تۆکمەکردنی سەقامگیری دەکەن، ڕۆڵی خۆیان بە یاسایەک دەچەسپێنن کە سیستەمەکە جێگیر بکات. هەروەها بە ئەدایەکی سیاسیی وا، کە ئەرک بێت نەک زیادە (واتە شتێک بێت لە سەرووی ئەرکەوە)، تا پشتیوانی لە هەموو گۆشەکانی پڕۆژەکە بکات و ڕێ لە هەر خلیسکاندن و داڕمانێک بگرێت.
ئەم قسەیە ڕوو لە ئەزموونێکی دیاریکراو نییە و هیچ مەبەستێکی شاراوەشی تێدا نییە، بەڵکوو ئەمە واقیع و دۆخە گشتییەکەیە؛ وەسفکردن و چارەسەرێکی کردەییە کە تا ئێستا بەدیلی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
دەوڵەت؛ یان دەبێت سەقامگیر بێت و بەردەوامی بەم دۆخە بدات بە هەموو ئەو هۆکارانەی ڕێ لە پاشەکشەی سەقامگیری دەگرن؛ یان ئەوەتا سەقامگیرییەکەی لەرزیوە و بڕیاری داوە بیپارێزێت. ئەمەی دووەمیان وەک ڕێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی بینایەک وایە کە بەهۆی ڕووداوێکەوە زیانی بەرکەوتووە، جا زیانەکە لە بنەماکەی بێت یان سەرووی بنەماکە یان هەردووکیانی، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر دانیشتووانی بیناکە و دراوسێکانیشی.
ئابووری، بڕیاری سیاسیی کۆنترۆڵکەری ئابووری و زیندوویەتیی کۆمەڵگە، دووانەیەکی لێکدانەبڕاون لە دروستکردن و تۆکمەکردنی سەقامگیریدا.
جگە لەمە، قسەی هەرکەسێک هەرچییەک بێت و چی تێدا ئاخێنرابێت، بێسوودە (نە گۆشت دەگرێت و نە لە برسا تێر دەکات)، بەڵکو ژەهرێکی هێواشە.
زۆر دەوڵەت بەدەست گورزی واوە ناڵاندوویانە کە سەقامگیرییەکەیانی هەژاندووە، هەندێکیان بەتەواوی لەناوچوون. ئەوانەشی کە رزگاریان بووە، تەنیا بە بڕیارێکی خودی و بە هانابردن بۆ قووڵایی مێژوو و بوونی کۆمەڵگە گەڕاونەتەوە (چونکە کۆمەڵگە و مێژوو لە بوونیاندا پێش دەوڵەت بە مانا مۆدێرنەکەی دەکەون). گەڕانەوەکەش بە نۆژەنکردنەوە یان بنیاتنانەوەی دەوڵەت و «چەسپاندنی سەقامگیری» بووە؛ چەسپاندنێکی ڕاستەقینە کە لە هەڵکەندن و گرفتەکانی دیکە پارێزراو بێت.