ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قۆناغێکی نوێی پڕۆژەی پەرەپێدانی تیمەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان ڕاگەیەندرا، کە تێیدا دوو تیمی نوێی فریاگوزاریی خێرا بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای شەقڵاوە دەستبەکار بوون.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا، دوو تیمی دیکە خرانە خزمەت، بەوەش کۆی ژمارەی تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە نۆ تیم."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم تیمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە نوێترین کەلوپەلی تەکنیکی ئامادە کراون، تاوەکو لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا بە خێرایی بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
تیمە نوێیەکان تایبەت دەکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قەزای شەقڵاوە، ئەرکی سەرەکیشیان بریتییە لە: وەڵامدانەوەی خێرا: گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکان لە کەمترین کاتدا. هەماهەنگی ناوەندی: بەستنەوەی سەرجەم یەکەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانی لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییەوە. هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان: مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە سروشتییەکان و هەر حاڵەتێکی لەناکاوی تر کە پێویستی بە دەستێوەردانی ئەکادیمی هەبێت.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم تیمانە تەنیا بۆ ڕووداوە سروشتییەکان نین، بەڵکو بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە کراون و بە بەردەوامی خولی ڕاهێنانی مۆدێرنیان بۆ دەکرێتەوە تاوەکو لە ئاستی ئەرکە قورسەکاندا بن.
