ھەولێر-KDP.info- لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پڕۆژەی دروستکردنی سیستەمی ئاگاداركردنەوەی لافاو لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجام درا، لیژنەیەکیش بۆ پێداچوونەوە و وردبینی بۆ پڕۆژەکە پێکهێنرا، بە دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق کە خاوەنی ئەو سیستەمە بێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە گرتنەبەری ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی دەبوونە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە، توانرا تاڕادەیەكی زۆر، مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەر شاری هەولێر و دەوروبەریی نەهێڵدرێت، ئەمساڵ دەرەنجامەكانی بینرا.
لە کۆبوونەوەکە بابەتێک لەبارەی پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری هەولێر پێشكەشكرا. بەشێوەیەكی زانستی ئامانج و چۆنیەتی دانان، كاركردنی سیستەمەكە و ئاگاداربوون لە ڕوودانی لافاو شیکرایەوە. بە دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق کە خاوەنی ئەو سیستەمە بێت، بۆیە گفتوگۆ لە بارەی سیستەمەكە بەشێوەیەكی گشتیی كرا.
ئامانجی پڕۆژەکە، ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار و هاووڵاتییانە، لە ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و لافاو بە هۆی گۆڕانی كەشوهەواو و بارانبارینی زۆرەوە، هەروەها بەهۆی ئەو سیستەمەوە دەتوانرێت لەڕێگەی دروستكردنی ئەپڵیكیشنی تایبەت و، ڕێنمایی پێویست بە هاووڵاتییان بدرێت.
هاوکات کارەكانی ئەم پڕۆژەیە، بریتی دەبێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ لافاو و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، دیاریکردنیی مەترسیی ناوچەکان و پلەبەندیان بۆ بکات و دیاریی بکرێت، تێیدا زانیاری تەواو و دروستی کەشناسی بۆ هەر ڕووداو و ئەگەرێک بخاتە ڕوو.