ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، فازڵ میرانى، بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى، پێشوازى لە (ئەرمان تۆپچو) کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەولێر کرد.
لە دانیشتنێکدا، فازڵ میرانى، وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، تیشکى خستە سەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە، ئاماژەى بەوە دا "ناوچەکە بە بارودۆخێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەبێت هەموومان بە بەرپرسیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ پێشهاتەکان بکەین."
بەرپرسى دەستەى کارگێڕى لەبارەی پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق گوتی "کۆبوونەوەکان بەردەوامن هیوادارم لە ماوەى دەستووریدا کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەردوو حکوومەت پێکبهێنرێن."
لە تەوەرێکى دیکە لەم دانیشتنەدا، فازڵ میرانى تەئکیدى کردەوە پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەیە هەر هاروکارییەک پێشکەش بکات بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و هیواى خواست ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامەکانى و کێشەى گەلى کورد لە تورکیا بە ڕێگاى سیاسى و ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.
دووپاتیشی کرد، دەبێت کێشەى کورد لە هەر شوێنێک بە ئاشتییانە و دوور لە دەنگى چەک چارەسەر بکرێت.
(ئەرمان تۆپچو)ی کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەولێر سوپاسى فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسى کرد، بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارە و دووپاتى کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکان لە ئاستى زۆر باش دان.
تەئکیدیشی کرد کە پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەباشى بەڕێوە دەچێت، گوتی " هیوامان ئەوەیە هەموو لایەک بە ئەرێنى هاوکاربن لە سەرخستنى ئەم پرۆسەیە."
لە کۆتاییدا هیواى خواست، هەرێمى کوردستان هەر لە گەشانەوە و پێشکەوتن بێت.