قاهیرە-KDP.info- وەک ڕووداوێکی دەگمەن لە مێژووی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە قاهیرەدا، نووسەرێکی کورد بە 11 بەرهەمی جیاواز بەشداریی دەکات؛ دیارترینیان کتێبێکە لەسەر کەسایەتیی سەرۆک بارزانی و ڕۆڵی لە چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیاندا. هەروەها نووسەر لە کتێبەکەدا تیشکی خستووەتە سەر وێستگە گرنگەکانی ژیان و خەباتی سەرۆک بارزانی و دیدگاکانی بۆ ئاییندەی عێراق و ناوچەکە.
دەزگای "ئوم ئەلدونیا" بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، کتێبی "مەسعود بارزانی پیاوی ئاشتی"ـی نووسەر و ڕۆژنامەنووس (شێرکۆ حەبیب)ـی نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرەی بڵاو کردەوە. ئەم بەرهەمە یەکێکە لەو 11 کتێبە نوێیەی نووسەر کە لە میانی بەڕێوەچوونی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی قاهیرە لەم مانگەدا، نمایش دەکرێن.
کتێبەکە لە 192 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە و کۆکراوەی 17 دیدار و چاوپێکەوتنی میدیایی گرنگە کە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجام دراون. لەم دیدارانەدا، سەرۆک بارزانی وەک سیمبوڵێک بۆ ئاشتیخوازیی گەلەکەی، لێبووردەیی و پێکەوەژیان دەردەکەوێت و دیدگایەکی ورد بۆ عێراقێکی فیدراڵی دەخاتە ڕوو کە پارێزەری مافی سەرجەم پێکهاتەکان بێت لەسەر بنەمای دەستووری ساڵی 2005.
هەروەها کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر هەڵوێستەکانی سەرۆکی بارزانی، سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکان لەگەڵ بەغدا، ئاییندەی هەرێمی کوردستان، میکانیزمەکانی بنبڕکردنی تیرۆر، هەڵوێستی بەرانبەر ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە عێراق.
هاوکات سەرۆک بارزانی لەم دیدارانەدا ناڕەزایەتی خۆی بەرانبەر بەکارهێنانی زاراوەی "کەمینەکان" دەربڕیوە و جەختی لەسەر ئەو وتە بەناوبانگەی کردووەتەوە کە دەڵێت: "سەد ساڵ گفتوگۆ لە یەک کاتژمێر شەڕ باشترە".
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، دیدگای سەرۆک بارزانی دەربارەی مەحاڵبوونی گۆڕینی ناسنامەی کەرکووک، باوەڕبوونی تەواو بە سەروەریی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەکان و ڕەتکردنەوەی سازشکردن لەسەر مافەکانی کورد ڕوون کراوەتەوە.
هەروەها جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و میسر کراوەتەوە. کتێبەکە پاشکۆیەکی 16 لاپەڕەیی وێنەی تێدایە، کە یەکێکیان وێنەیەکی تایبەتی سەرۆک بارزانییە لەگەڵ حوسنی موبارەک، سەرۆکی کۆچکردووی میسر.
