بەغدا -KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "هۆکاری گرانبوونی نرخی دۆلار بۆ هەندێک بڕیاری حکوومەت دەگەڕێتەوە و خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیادی کردووە، بەرزبوونەوەکە کاتییە."
د.مەزهەر محەمەد، ڕوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی"هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ئەو کاردانەوانە دەگەڕێتەوە کە هەندێک بڕیاردران بۆ پێداچوونەوە بە خەرجییەکان و تواناکانی خەرجی کە پەیوەندییان بە باج و گومرگەوە هەیە، بۆیە بەرزبوونەوەکە کاتییە."
د.مەزهەر محەمەد گوتیشی، ئەو جۆرە بەرزبوونەوەیە ئاساییە و بۆ سیاسەتی دارایی گشتی دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر داواکاری و خستنەڕوو زۆر بوو نرخ بەرزدەبیتەوە تا خۆی لەگەڵ بنەماکانی دارایی و مالی تازە دەگونجێنێت."
گوتیشی، خۆی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار جێگیرە، هەزار و ٣٢٠ دینار بەرامبەر دۆلارێکە، بۆیە حکوومەت بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ڕایشیگەیاند، هەرکاتێک ڕێکارەکانی تازەی گومرگی تەواو بوون، چونکە ئەو بڕیارانەی دراون دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، دوای ئەوە نرخی دۆلار ئاسایی دەبێتەوە.
بڵند ئیبراهیم