بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیدا، پێشنیازێکی ئێمە بۆ کاری پەرلەمانی قبوڵ کراوە و ئێمەش لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسین نەک مەرکەزییەت.
پەیوەست بە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ و کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوێنێ کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجام درا و ئەوان دەیانەوێت کێشەی ئیداری و یاسایی لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت، منیش پێم وابوو پێویستە روئیای خۆمان هەبێت و پلان بۆ چوار ساڵی داهاتووی یاسادانان هەبێت و چی پێویستە و چ یاسایەک گرنگە بۆ وڵات بایەخی پێبدرێت، ئەوانیش پێیان باش بوو، چونکە من ئەزموونم هەیە قبوڵیان بوو، بۆیە پێویستە لە دانیشتنی داهاتوودا هێڵی گشتی بۆ سیاسەتی کاری پەرلەمانی دابنێین و دواتر لیژیەک بۆ پلانی چوار ساڵی داهاتوو دابنرێت و پێویستیشە بە یەک تیم کار بکەین.
فەرهاد ئەترووشی گوتیشی، "ئێمە خاوەن خەباتی ٨٠ ساڵین و خۆمان بە خاوەنی دۆزی کورد دەزانین، پێشمان خۆشە لەگەڵ کوتلەکانی دیکە کار بکەین، بۆیە گەر فیدراڵیەت و دیموکراسی نەبێت و موئەسەساتی دروست نەبێت و هەر کار بە یاسای کۆن بکرێت، ئەمە لای ئێمە قبوڵکراو نییە و لەگەڵ مەرکەزیەتدا نین.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە گرنگیی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان كرد گوتی، "گرنگیی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەوەدا بوو، سیستمی عێراق پەرلەمانییە و پەرلەمانیش دەتوانێ ببێتە سەنتەری سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات، بۆیە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن و هەروەها دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەت دادگای فیدراڵی، لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت و پۆستە سەربازییەکان و پۆستە گرنگەکانی دیکەش دەبێ لە پەرلەمان دیاری بکرێن، بۆیە پێویستە لە بڕیاردان لە پەرلەمان کورد بەشدار بێت و بۆ ئێمەش وەکو کورد پارتی زۆرینەیە، بۆیە پارتی گرنگیی بەو پۆستە داوە و سوور بوو بەدەستی بهێنێت.
بڵند ئیبراهیم