ھەولێر-KDP.info- کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکان، پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان دادەبەزێ.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو 02-01-2026 بەردەوام دەبێ.
بە گوێرەی کەشناسی، کاریگەریی شەپۆلەکە بەو جۆرەیە، چوارشەممە لە نیوەڕۆوە لە سنووری پارێزگای دهۆک بە باران و بەفر دەستپێدەکات، پاشان دەگاتە سنووری ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین. لە درەنگی شەودا کاریگەرییەکەی دەگاتە دەوروبەری هەولێر.
لەبارەی کەشوهەوای پێنجشەممە تاوەکو هەینی، کەشناسی دەڵێ: "پێنجشەممە شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێ و لە سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی تێکەڵەیەک لە بەفر و باران و کڕێوە دەبێت؛ هەینیش لە بەیانییەکی زووەوە شەپۆلەکە لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە چڕتر دەبێتەوە، بەڵام لە دهۆک کەم دەبێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژدا کاریگەریی شەپۆلەکە کۆتایی پێبێت".
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەم بارستە هەوا ساردەوە، شەختە و بەستن لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری هەندێک لە شارەکان دروستدەبێ، داواش لە هاووڵاتیان دەکرێت لە کاتی هاتووچۆدا وریابن.