ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمساڵدا کۆمەڵێک کار و پڕۆژەی زۆر باشی لە بواری ژینگەدا ئەنجام داوە، کە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان ھەبووە، لەوانە پڕۆژەی ڕووناکی و کوژاندنەوەی مۆلیدەکان و ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئەنجامدانی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە ھەولێر و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە ماوەی ئەمساڵدا کاری زۆر باش لە بواری ژینگەدا کراوە و پڕۆژەی زۆر باشیش ئەنجام دراون، لەوانە بەشداربوون بە شاندێکی پسپۆڕ لە کۆنفڕانسی جیھانیی لایەنەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوای ناسراو بە (کۆپ ٣٠) لە وڵاتی بەڕازیل، کە شاندی ژینگەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر پرسی ئاو لە ڕوانگەی بەڵگەنامەی نیشتیمانییە دیاریکراوەکان و پلانی خۆگونجاندنی نیشتیمانی بۆ بەڕێوەبردنێکی بەردەوامیی سێکتەری ئاو و پڕۆژەی بەڕێوەبردنی دروستی ئاوی ژێر زەوی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی زیادکردنی کۆگاکردنی ئاوی ژێر زەوی و بووژاندنەوەی کانییەکان و کەمکردنەوەی کورتھێنانی ئاو و بەشداربوون وەک ئەندام لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی چیاکان.
ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھێمای بۆ ئەوەش کرد، جگە لەوانە، کار لەسەر پڕۆژەی دانانی وێستگەی پێوانەکردنی کوالێتیی ھەوا لە ھەولێر کراوە لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند و دەرکردنی بڕیارێک بۆ ڕێگرتن لە سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکان، کە ھەر رووبەرێک لە دارستان کە دەسووتێت، ھەتا ١٥ ساڵ رێگە نەدرێت مامەڵەی پێوە بکرێت و نەھێڵدرێت ھیچ پڕۆژەیەکی لەسەر ئەنجام بدرێت و ئاسانکاریی زیاتر بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ھەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە ڕێژەی (١٠٠%) لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی برەودان بە ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی وەزارەتەکانی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، لێژنەکانی قایمقامییەت، پارێزگای ھەولێر و دھۆک و فەرمانگەکانی ژینگە بۆ بەدواداچوون و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ھەتا ئەو کاتەی پابەند دەبن بە گرتنەبەری رێکارەکان لە کاری داھاتوویاندا.
ناوبراو ھەروەھا دەشڵێت، یەکێکی دیکە لە کارە گرنگەکانی بواری ژینگە، پڕۆژەی رووناکییە، کە ھەنگاوێکی گەورە بوو لە بواری کەمکردنەوەی زیانەکان و پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، چونکە بەھۆی پڕۆژەی رووناکییەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆری مۆلیدەکان کوژاونەتەوە، ئەمەش لە زۆر رووەوە سوودی ھەیە، وەک کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان بەھۆی نەھێشتنی دەرھاویشتە گازییەکان و تەنۆلکەکان و کەمکردنەوەی ژاوەژاو و نەھێشتنی دیمەنی چڕە دووکەڵی رەش و کەمکردنەوەی زیانە تەندروستییەکانی وەک سەرئێشە و تەنگەنەفەسی و گرژبوونی ماسوولکەکان و کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان بەھۆی تەرخانکردنی بڕی سووتەمەنیی مۆلیدەکان بۆ بواری دیکەی پێویست.
پەیوەست بە دەستکردن بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوز و زیادکردنی رووبەری سەوزایی، عەبدولڕەحمان سدیق دەڵێ، پڕۆژەکان بە گشتی لەو بوارەدا کاریگەریی زۆریان لەسەر چاکترکردنی ژینگە و ژیانی مرۆڤەکان ھەیە بەھۆی کەمکردنەوەی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و رێگرتن لە ڕەشەبا و گەردەلوول و تۆزوخۆڵ و چاکترکردنی باری دەروونیی مرۆڤ و پڕۆژەی پاککردنەوە و ریساکلینی ئاوی ئاوەڕۆکان و دووبارە بەکارھێنانیان بۆ ئاودانی باخچەکان و پشتێنەی سەوز و رووبەرە سەوزاییەکان.
بڵند ئیبراھیم