ھەولێر-KDP.info- لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی 49ـەمین ساڵیادی داستانی مێژوویی "شارستێن"، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە گەورەیی و قارەمانییەتی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی پێشووی عێراقدا کردەوە.
دەقی پەیامی لقی ١١ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 49 مین ساڵیادی داستانی شارستێن:
درود و سڵاو بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان، کە بەخوێنی گەشیان بەیداغی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵانیان گەیاندە لوتکە، 49 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دروست لە 26/12/1976، ڕژێمی داگیرکەری عێڕاق بە هێزێکی زۆری سوپا بە چەکی قورسی جۆراوجۆر، تەنانەت فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی فراوانی کردە سەر پێشمەرگەکانی پارتی، کە لەبەری مەرگە و جافایەتی خەریکی خۆڕێکخستنەوەبوون، هەرچەندە ئەوکات سەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان بوو چەند پێشمەرگەیەکی کەم بە بەرپرسیارەتیی دکتۆر کەمال کەرکووکی لە ناوچەکە بوون، بەڵام ترسی ڕژێم لە ئیرادەی پۆڵاینی پێشمەرگە و هەستی نیشتیمانپەروەریی خەڵکی ناوچەکە وای لەڕژێم کرد، جووڵە بەهێزێکی زۆری سوپا بکات.

هەنگاوەکەی ڕژێم و جووڵە پێکردنی هێزەکەی بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس بوو بۆ خەڵکی دەڤەرەکە و ئەو چەند پێشمەرگەیەی لەوێ بوون، بەڵام ئەوەی ڕژێم تەوەقوعی نەدەکرد ڕووبەڕووی بۆوە، خەڵکی خۆڕاگری دەڤەرەکە بەگشتی و قەرەمانیەتیی پێشمەرگە و ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی گوندی شارستێن، گورزێکی هێندە گەورەیان لە سوپای ڕژێم دا کە هەرگیز بیریان لەو خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان نەکردبووەوە.
لەو ڕۆژەوە ئەو داستانە بوو بە داستانی شارستێن و بۆ هەمیشە وەک مەدالیای شانازی بە بەرۆکی تێکۆشەرانی دەڤەرەکە و گوندی شارستێن و کێلی گۆڕی شەهیدە سەربەرزەکانی ئەو داستان و نەبەردییە دەمێنێتەوە، بەداخەوە لە تۆمارکردنی ئەو داستانە مەزنەدا، پۆلێک تێکۆشەری گەلەکەمان بوونە سەرقافڵە و ڕەمزی گیانفیدایی و خوێنی گەشیان تێکەڵ و ئاوێتەی خاکی پیرۆزی کوردستان بوو.

هەزاران سڵاو و درود بۆ گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی داستانی شارستێن و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد.
بژی کورد بژی کوردستان.
لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان
26/12/2025