بەغدا-KDP.info- لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و ئەندامانی شاندەکەی پارتی لە بەغدا، سەردانی چەند سەرکردەیەکی دیکەی سیاسی عێراقیان کرد.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی بەڕێز "فازڵ میرانی" بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، و ئەندامیەتی بەڕێزان "نەوزاد ھادی" ئەندامی مەکتەبی سیاسی و"ئومێد سەباح" و "د. شاخەوان عەبدوڵڵا" ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ھەروەھا "فارس عیسا" سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی سیاسی عێراق کۆبوونەوە.
شاندەکە لە گەڵ ھەریەک لە بەڕێزان ھادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر؛وعادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر؛ و ئاراس حەبیب ئەمینداری گشتی کۆنگرەی نیشتمانی عێراق، دیداریکرد.

لەم دیدارانەدا، تیشک خرایە سەر ھەوڵە بەردەوامەکان و دیالۆگەکانی، نێوان سەرکردە سیاسییەکان، بە ئامانجی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵی.

ھەروەھا شاندەکە، سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدای پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد، و لەلایەن بەڕێزان "د.شاخوان عەبدوڵڵا" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، و "ئازاد حەمید شەفی" بەرپرسی لقی پێنجی پارتی و چەند کادیرێکی پێشکەوتووی مەکتەب، پێشوازییان لێکرا.
لە میانی دیدارەکەدا، باس لە چالاکییەکانی مەکتەب، و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری پارتی لە بەغدا، و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور کرا.
