هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی دوو هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دوای 15 ساڵ لە ڕاوەستانی پڕۆسەکە دێت و بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانی دەگرێتەوە. گوتیشی، "ئەم بڕیارە لە کاتێکی گونجاودا دراوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی فەرمانبەران کە ساڵانێکی زۆرە خزمەت دەکەن."
خۆشناو ڕوونی کردەوە، ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن بە شێوەیەکی سەردەمیانە نەخشەسازییان بۆ کراوە و هەموو پێداویستییەکانی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان تێدا جێگیر کراوە. هەروەها ئاشکرای کرد، پلانی حکوومەت ئەوەیە لە داهاتوودا ژمارەی زەوییە دابەشکراوەکان بگاتە 120 بۆ 125 هەزار پارچە زەوی، تا زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لێی سوودمەند بن.
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و فەرمانبەرانی گرێبەستیش بەگوێرەی ڕێنماییەکان و دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، زەوییان پێ دەدرێت.