فازڵ میرانی
ئەگەر هەندێك کێشەی زەق و داسەپاو، هەندێك لایەنی خاوەن کاریگەریی ڕاستەقینە، لەسەر ڕێچكەی پەیوەست بە بڕیارەکان و دەرەنجامەکانیان نەبوونایە، ئەوا پێویستی بە دانوستان نەدەکرد.
وێنە واقیعییەكە هەرچییەك بێت، دانوستان بە دیووێكیدا ڕەنگدانەوەی هۆشیاری و بیرکردنەوەیەکی کردارییە، کە تێیدا لایەنەکە ویست و داواکاری خۆی دەخاتەڕوو، ئەویش دەبێت بابەتییانە بێت و پشت ئەستوور بێت بە پاساوگەلێک کە سەلماندنیان کارێکی قورس نەبێت.
دانوستان بە شێوەیەکی گشتی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەخۆ دەگرێت، ئەمە جگە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی دیکەشی، کە بریتین لە لایەنەکان، کێشەکان و دوو فاکتەری سەرەکیش، "ئامانج و هۆکارەکان"، بەڵام ئەمانە هەمووی بە واتای سەرکەوتنی پێشوەختەی دانوستان نایەت، چونکە لە ژینگەیەکی سەرکەوتووی دانوستاندا، لایەنە ڕاستەقینەکان ئامادەی گوێگرتنن، توانای جوولەیان هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، درک بە فاکتەری کات دەکەن، هەروەها بۆ ئامانجێک مانۆڕ ناکەن، کە پێچەوانەی پرۆژەی دانوستانەکە بێت، چونکە دانوستان پرۆژەیەکی تەواوکارییە و ناسنامەی ئەو پرسەی هەڵگرتووە، کە دانوستانی لەپێناودا دەکرێت.
کێشە ناوخۆییەکانی هەر وڵاتێک، نابێت کۆنترۆڵیان لەدەست دەربچێت و بگەنە ئاستێک کە چارەسەرکردنیان قورس بێت یان هەندێک جار مەحاڵ بێت. چونکە لەو حاڵەتەدا، پێشهات و داواکاریی نوێی دێتە سەر، کە لیستی کێشە و داواکارییەکان زیاتر دەکات، لەوێشدا دەبێت بەدوای ئەو فاکتەرە کاریگەرانەدا بگەڕێین، کە بوونەتە هۆی دروستبوونی دۆسیەی جۆراوجۆر و لەوانەیە ئاڵۆز و تێکچڕژاویش، کە پەیوەستن بە هێزی دیکەوە.
کێشە نیشتیمانییەکان دەکرێت چەندین فاکتەری یارمەتیدەری گرنگیان هەبێت (بۆ ئەو کەسەی بە دیدێکی تێگەیشتووانەوە سەیریان دەکات)، فاکتەرەکانی وەک: ناسنامەی هاوبەشی نیشتیمانیی، ڕای گشتی و ڕای جەماوەریی چاودێر بەسەر کارەکانەوە، ڕەنگدانەوەی سەرکەوتن لەسەر هەست و سۆزی هاووڵاتییان، هەروەها ڕای هەڵسەنگێنەری وڵاتانی بڕیاردەر، کە مكوڕیی خۆیان بۆ سەلامەتیی هەڵوێستەکانی دەوڵەتەكە دەردەبڕن، لەگەڵ چەندین فاکتەری دیکەدا، كە هەموویان پێکەوە دەبنە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ سەرخستنی ڕێچكەی دانوستانەكان.
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن