ھەولێر-KDP.info- میر حازم بەگ میری ئێزدیان لە کوردستان و عێراق دەڵێ، جەژنی رۆژیێن ئێزدی جەژنی یەکڕیزی و ئاشتی و تەباییە لەنێوان ھەموو نەتەوە و ئایینەکانی کوردستان و عێراق و جیھان، ھەروەھا داوا دەکات ھەمووان پێکەوە لە سەرتاسەری جیھان بە گیانی مرۆڤایەتی و برایەتی کار بکەن.
ئەمڕۆ ڕۆژی جەژنی ئێزدیەکانە، لەمبارەشەوە، میر حازم بەگ میری ئێزدیان لە کوردستان و عێراق، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، “بەبۆنەی جەژنی"رۆژیێن ئێزدی" ئێزدیەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی کۆمەڵگای ئێزدی دەکەم و ھیوادارین خوای گەورە ڕۆژی و خێری ھەموو ئێزیدییەکان قبووڵ بکات، جەژنی رۆژیێن ئێزدی جەژنی یەکڕیزی و ئاشتی و تەباییە لەنێوان ھەموو نەتەوە و ئایینەکانی کوردستان و عێراق و جیھانە.
میری ئێزدیان باس لەوە دەکات، ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو فەرمان و کارەساتی زۆریان بەسەردا ھاتووە، بەڵام وازیان لە ئایین داب و نەریت و جەژنی خۆ نەھێناوە بەردەوامن، بۆیە ھیوادارن ھەموو لایەنەکانی سیاسی لە سەرتاسەری جیھان بە گیانی مرۆڤایەتی و برایەتی پێکەوە کار بکەن.
میر حازم بەگ گوتیشی، “ئەم جەژنە بەپێی ساڵنامەی ڕۆژھەڵات دەکەوێتە ھەفتەی یەکەم - کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک ڕۆژانی سێشەمە - چوارشەمە - پێنجشەمە، بە ڕۆژوو دەبن، ڕۆژی ھەینیش جەژنە. لە ساڵێکدا زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژی تر ئێزدیەکان ھەیە، بەڵام ئەمانە ڕۆژی فەرز نین و بەڵکو ڕۆژی خێرن.
دڵگەش باعەدری