ھەولێر-KDP.info- بەڕێز ڤاڵێنتین نیکۆلۆڤ باڵیۆزی بولگاریا لە عێراق و ڤاسیل ڤاسلێڤ بەرپرس ئۆفیسیان لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەب پێشوازی لێ کردن.
باڵیۆزی بولگاریا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەگشتی و پارتی بەتایبەتی کرد کە توانی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت، ئەمەش بەرپرسیارێتی زیاتری خستوەتە ئەستۆ و بە دڵنیاییەوە پارتی و سەرکردایەتی ئەو حزبە و جەنابی سەرۆک بارزانی لە ئاستی ئەو متمانە و بەرپرسیاریەتیەدان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو گوتە و پیرۆزباییە.
بەڕێز سیوەیلی دواین پێشهات و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە مەڕ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە و ئاماژەی پێدا "لە قۆناغی گفتوگۆی چڕداین تا بتوانین حکوومەتێکی خزمەتگوزار و کاریگەر هەم لە هەرێمی کوردستان هەم لە بەغداش پێکبێت.
دەربارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێزیان گوتی "پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی کردووەتە بناغەی پێکهێنانی حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ کە بۆ هەرێمی کوردستان بریتییە لە یەک حکوومەت، یەک پەڕلەمان و یەک هێزی سەربازی، واتە حکوومەتێکی یەکگرتوی بەهێز کە لە ئاستی پێداویستی قۆناغ و داواکارییەکانی گەلی کوردستادا بێت و بتوانێ قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و لە گەشەسەندن و پێشکەوتن بەردەوامبێت."
سەبارەت بە حکوومەتی فیدراڵ بەڕێزیان گوتی "جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق داوای ئێمەیە، باوەڕمان وایە جێبەجێکردنی دەستوور واتە دوورکەوتنەوە لە حکوومەت و ئەقڵیەتی ناوەندگەرایی، تایفەگەرایی و مەزهەبگەرایی، ئەمەش واتە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی وڵاتێک کە بۆ هەمووان بێت. ئێمە ڤیتۆمان لەسەر کەس نیە و پشتیوانی هیچ کەس و لایەنێک ناکەین کە باوەڕی بە دەستوور نەبیت."
بەشێکی دیکەی دیدارەکە پەیوەست بوو بە پەیوەندی نێوان کۆماری بولگاریا و هەرێمی کوردستان.
لایەنی بولگاری دڵخۆشی خۆیان پیشاندا لە پێشکەوتن و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتەکەیان، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و فراوانکردن."
هۆشیار سیوەیلی دووپاتی پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ کردنەوە، جەختی لە گرنگی و پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەو خواست و داوایەی کە لەلایەن گەلی کوردستان و بولگاریاوە هەیە بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان."