ھەولێر-KDP. info - ئەمڕۆ شاندێکی باڵای چینی بە سەرۆکایەتی جین شین یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی پارتی کۆمۆنیستی چین و چەند ئەندامێکی باڵا لە فەرمانگەی دەرەوە و باڵیۆزیان لە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان کرد.
بەڕێز هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە فڕۆکەخانەی ھەولێر پێشوازییان لە شاندی میوان کرد. پاشان دیدارێکیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر دواین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کۆمۆنیستی چین کرد کە پەیوەندییەکی مێژوویی و گرنگە و کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و کۆماری میللی چین.
بەڕێز سیوەیلی سوپاسی گەل و حکوومەتی چینی کرد کە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو لەڕێگای کونسولخانەی گشتی وڵاتەکەیانەوە هاوکاریی هەرێمی كوردستانیان کردووە و گرنگییان پێی داوە و لەو ماوەیەدا سەدان کادری حکوومەت و ڕێکخراوەکانیان بانگهێشتی ئەو وڵاتە کردووە بۆ ڕاهێنان و دەوڵەمەندکردنی توانا و فێربوون لە ئەزموونی ئەو وڵاتە."
شاندی میوان سوپاسی ئەو پێشوازییەیان کرد و ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان بە گرنگ وەسف کرد، بەڕێز جین شین ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرز نرخاندن لە پێکهێنانی ڕەوشێکی ئارام کە دەرفەتی بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندن ڕەخساندووە، ئەم ئارامی و ئاسایشەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بووەتە هاندەرێک بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، لە نێویشیاندا چینییەکان بۆ وەبەرهێنان، بازرگانی و ئاڵوگۆڕی شاندی دیبلۆماسی، ئەکادیمی و کەلتووری، ئەمەش بووەتە هاوبەشییەکی باش بۆ پێکەوە کارکردن و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش."
لەمیانەی ئەو دیدارەدا باس لە کار و چالاکی هاوبەش کرا، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە بوونی سەنتەر زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین و سەنتەری چینی لە زانکۆی سلێمانی و دامەزراندنی ڕێکخراوی شورای مەزن و سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی دەربڕی کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێتەوە و دڵنیان دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ بەهێزبوون و تێگەیشتنی قووڵتر، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە لە بەرژەوەندی هەمووان بێت، جێگای باسە شاندی میوان باسی ئەوەشیان کرد کە ساڵی داهاتوو بەشی کوردی لە زانکۆی پەکین کراوەتەوە، ئەمەش جێگای خۆشحاڵی و پێزانینە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی کردن بۆ ئەو کارە پیرۆزە و گوتی "ئێمەش بە هەموو تواناوە هاوکار دەبین لە سەرخستنی ئەو پڕۆژە و سەنتەر و بەشانەی کە دەبنە هۆکاری لێکنزیکبوونەوەی زیاتری گەلی کوردستان و گەلی چین."
سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی، یەکەمین ڕێکخراوی لەو شێوەیەیە لە عێراق و ناوچەکە دەکرێتەوە، کە لەسەر پێشنیار و داوای شیی جین پینگ سەرۆکی کۆماری چینی میللی بووە.
لە کۆتاییدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کۆمۆنیستی چین و بەردەوامی سەردانی شاندەکان بە ئامانجی پتەوکردن و فراوان کردنیان.
