ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی لافاو، بڕیاریانداوە ٥٠٠ کتێب پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیانی بە قەزای چەمچەماڵ گەیاند، "کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ"ـیش بێبەش نەبوو لەو زیانانە و بەشێک لە کتێبخانەکە ژێرئاو کەوت.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکدا ھاتووە: "لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریمان بەرامبەر بە شاری چەمچەماڵ و خوێنەرانی ئەو دەڤەرە ئازیزە، بڕیارماندا بە بەخشینی ٥٠٠ کتێب لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ."
بەشی ڕۆشنبیریی پارتی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بۆ زیانەکان، کەمپینێکی ڕاگەیاندووە و داوا لە سەرجەم ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی کوردستان دەکات، ھەریەکە و بەپێی توانای خۆی بەشداری لەم ھەڵمەتەدا بکەن بۆ ئەوەی "چرای مەعریفە و کولتوور لەو شارەدا کز نەبێت."