ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، تیمەکانمان بەردەوامن لە خاوێنکردنەوەی ناوچەکانی زیان لێکەوتووی لافاوی ڕۆژانی ڕابردوو ھەروەھا ھاوکاری گەیاندراوەتەوە خەڵکی ئەو ناوچانە.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "دوای دروستبوونی ئەو کارەساتەی بەھۆی لافاوەوە ژمارەیەک ناوچەی وەک چەمچەماڵ و گەرمیان و کەرکووکی گرتەوە تیمەکانمان کەوتنە کار و ئێمەش ڕاستەوخۆ سەردانی ناوچە زیان لێکەوتووەکانی لافاوەکەی ڕۆژانی ڕابردوومان کرد، تا ڕادەیەکی زۆر شوێنە زیان لێکەوتووەکان پاککراونەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و دەزگای ڕوانگە و کوردستان فاوندەیشن و دەزگای حاجی ئیدریس سورچی توانیویەتی ڕێژەیەکی زۆری ھاوکاری بۆ زیان لێکەوتووانی چەمچەماڵ و گەرمیان کۆ بکاتەوە و دابەشیان بکات.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان دەشڵێت، "شاری کەرکووکیش یەکێکە لەو ناوچانەی زیانی زۆری بەرکەوتووە بەھۆی لافاوەوە، کۆمەک و ھاوکاری بۆ خەڵکی کەرکووکیش کۆکراوەتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھێشتا پرۆسەی خاوێنکردنەوە لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت بڕیارە سبەی ڕۆژی شەممە ھاوکاری بگەیەندرێتە خەڵکی زیان لێکەوتووی لافاوەکەی کەرکووک”.
سروە ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "چەند تیمێک پێکھاتوون بۆ تۆمارکردنی زیانەکانی لافاوەکەی ڕۆژانی ڕابردوو، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئێمەوە خەریکی کۆکردنەوەی داتاو زیانیارین، بەپێی یاسا قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی لافاو ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە و بوودجەیەکی تایبەت بۆ کارەسات و حالەتی فریاکەوتن دابینکراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان سوودمەند نەبووە، چونکە حکوومەتی فیدڕاڵ تا ئێستا قەرەبووی زیان لێکەوتوانی ساڵانی ڕابردووی ھەرێمی کوردستانی نەکردووتەوە.
سروە ڕەسووڵ گوتیشی، "ئێمە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین و حکوومەتی فیدڕاڵیش ئامادەیی دەربڕیوە و داوای داتاکانی زیانەکانی لافاوی کردووە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تۆمارکردن ڕەوانەی بەغدا دەکرێن بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام لە ئەرکداین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان و ئەوەی لەدەستمان بێت ھاوکاری دەگەیەنینە ناوچە زیان لێکەوتووانی لافاو.
قائید میرۆ