ههولێر-KDP.info- ئهمڕۆ ۷۳ ساڵ بهسهر دامهزراندنی رێكخراوی یهكێتیی ئافرهتانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، سكرتێری ئهو رێكخراوهش دهڵێ، یەکێتیی ئافرەتان وەکوو یەکەمین ڕێکخراوی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت لەم بەشەی کوردستاندا، ڕۆڵی کاریگەری لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بینیوە.
زیبا تهها، سكرتێری یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان، به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاند، خەباتی ڕێکخراوەیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە درێژایی حەفتاوسێ ساڵی ڕابردوو، کە هاوزەمانی چەندین وێستگەی جیاجیای مێژوویی و بارودۆخی جیاوازە، خۆی لەخۆیدا چەندین گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیوە. یەکێتیی ئافرەتان وەکوو یەکەمین ڕێکخراوی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت لەم بەشەی کوردستاندا، ڕۆڵی کاریگەری لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، هەر خودی دروستبوونی ڕێکخراوێکی ئافرەتان لەو قۆناغە سەختەی سیاسی و ناهەموارەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکەماندا، بۆ خۆی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بووە.
سكرتێری یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، لەبەر ئەوەی ئێمە هەڵکەوتەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینین بە چەندین نەتەوەی باڵادەست کە سیاسەتێکی دوژمنکارانەیان لەگەڵ نەتەوەی کورد پیادە کردووە، بۆخۆشیان خاوەن کولتوورێکی پیاوسالار بوون، کاریگەریی هەموو ئەو بارودۆخە، وای کردووە کە نەک هەر دروستبوونی ڕێکخراوێکی ئافرەتان، بەڵکوو دەرچوونی ئافرەت بۆ دەرەوەی ماڵ و بۆ کار، کێشە بووە و ڕێگەپێنەدراو بووە.
زیبا تهها هەروەها دهڵێت، بەو بڕوایە و لە ماوەی ئەم مێژووە دوور و درێژەدا، یەکێتیی ئافرەتان پاڵپشت بەو پرەنسیپانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دامەزراوە، بەردەوام بەرگریکار و خەباتکاری سەرەکیی پرسی ئافرەت بووە و ڕۆڵی کاریگەر و سەرەکیی لە بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان و پێشکەوتنەکان لە پرسی ئافرەت هەبووە، وێڕای ئەمەش ئەم ڕێکخراوە وەکوو قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی کادری سەرکردە و ناردنی بۆ هەموو بوار و سێکتەرەکان.
سكرتێری یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان هێمای بۆ ئەوەش کرد، ئێمە لێرەدا دەبێت سوپاسگوزاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بین، کە هەمیشە پشتیوانی بەهێزی ڕێکخراوەکەمان بووە. یەکێتی ئافرەتان ئەمڕۆ لە قۆناغێکی نوێی کاری ڕێکخراوەیی و بە پرۆگرامێکی نوێ و وزەیەکی لەبننەهاتوو پەرە بە کاری ڕێکخراوەیی خۆی دەدات و بواری کاری یاخود تەوەرەکانی خزمەتکردنی بە پرسی ئافرەت فراوانتر کردووە، لەم ساڵیادەدا وێڕای پیرۆزباییم لە هەموو کادر و ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەش کە پێشتر و لە قۆناغەکانی ڕابردوو لە یەکێتیی ئافرەتان تێکۆشانیان کردووە، بەڵێنیش بە هەموو ئافرەتان دەدەین، کە بە هەموو شێوەیەک خزمەتکار دەبین و کاری جیددی بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ئافرەت دەکەین.
قائید میرۆ