ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی بۆنەی (٧٣)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بوون لە مافەکانی ئافرەتان و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پشتیوانێکی بێ وێنەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (٧٣)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم .
مەسروور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە مێژووی گەلی کوردستاندا، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگی ھەبووە و ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی ئافرەتان و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پشتیوانێکی بێ وێنەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و نموونەیەکی گەشەی خەبات و قوربانیدان و گیان بەختکردن بوون لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستان. ئەمە جیا لەوەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵێکی دیاریشی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی سەرکردەدا ھەبووە.
جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت، ھیوادارم یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، لە ڕۆڵی پێشەنگانە و خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی بەردەوام بێت بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانیان.