ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری، پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەتی کورد.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە بۆنەی حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و ھەموو ئەندامانی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەستکەوتێکی گرنگی خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە کە ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری، پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەتی کورد. ئەم ڕێکخراوە بە تێکۆشانی بەردەوامی خۆی توانیویەتی دەنگی ئافرەتانی کوردستان بگەیێنێت و بەشێکی گرنگ بێت لە خەباتی نەتەوەیی و مەدەنیی گەلی کوردستان.
لەو یادەدا پێزانینم ھەیە بۆ خەبات و قوربانیدانی ئافرەتانی کوردستان و ئەو ئەرکەی کە لە قۆناغەکانی خەباتی گەلی کوردستان لەسەر شانیان بووە. دڵنیام یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ھەر وەک قۆناغەکانی پێشووتری خەباتی خۆی، لە داھاتووشدا لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی ئافرەتان ڕۆڵی پێشەنگانە دەگێڕێت.
ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم
مسعود بارزانی
١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥