فازڵ میرانی
باشترین بەڵگەی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پابەندبوون بە ھاووڵاتیبوونەوە، مامەڵەکردنی خێرای حکوومەتە لەگەڵ حاڵەتە فریاگوزارییە لەناکاوەکاندا، بەتایبەتیش ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، ئەم ئەرکەش نابێت تەنیا لە ئەستۆی ئەودا بێت، بەڵکو دەبێ حکوومەتی فیدراڵییش ئەرکی خۆی لەئەستۆ بگرێت، لە ڕێگەی ئامادەکاری و بەدەنگەوەچوونی دەستبەجێ و بەردەوام، دەبێ ھەماھەنگی لە نێوان ھەموو دەزگاکانی ھەردوو حکوومەت و ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان بۆ یارمەتیدانی ھاووڵاتییان ھەبێت، تاوەکو بە خێرایی قەیرانەکە تێبپەڕێنن و قەرەبوویەکی شایستەش بدەنەوە بە زیانلێکەوتووان.
ئەرکی حکوومەت و کەمتەرخەمییەکان، بە ھەبوون و نەبوونیانەوە، بۆ ھەمووان ئاشکرایە و دەبینرێت، ئەمەش بەپێی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە ٤٤ـی ساڵی ٢٠١٣.
ئەم بڕگە سەرەتاییە لەلایەن حکوومەتی بەغداوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، جێبەجێکردنەکەی گرنگە، تاوەکو زیانلێکەوتووانی کارەساتەکانی لافاو، پابەندبوونی بەغدا بە مافی ھاووڵاتیبوونیانەوە بەدی بکەن، ئەوەیش بەرپرسیارێتییەکی نوێ دەخاتە سەرشانی حکوومەت، ئەویش بریتییە لە پیشەسازی ژینگەی بەردەوامیدان بە دەوڵەت.
ئەم کارو کردەوانەش جوولەگەلێکیان ھەیە ھاوشێوەی سووڕانەوەی ددانەکانی مەکینە، کە ھەر جووڵانەوەیەک ئەوەیتر تەواو دەکات، بەھەمانشێوە جووڵەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، کە لە نێوخۆیاندا کار دەکەن و کارلێکیان لەگەڵ یەکتر دەبێت، جووڵەی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان و بەھێزکردنی ئابووری و ھەڵبەت جووڵەی مرۆڤیش، لەگەڵیان تێکەڵ دەبن و پاشان ئەم جووڵانەوانە لە ڕێڕەو و پەیوەندیییەکی سوودبەخشدا یەکدەگرێت و دەبنە تەواوکاری یەکتر. ئەمە ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەوڵەت، لە پێگەیشتن و قووڵیی و مانەوەشیدا.
ژینگەیەکی لەم شێوەیەش بە ڕێکەوت دروست نابێت، بەڵکو مەبەستدارە، داواکراوە، ھۆشیارانە و واقیعییانەیە، بەرگەی بیناکردن لەسەر بۆشایی، یان خۆبەزلزانی و بانگەشەی نادروست ناگرێت.
پلاندانان بۆ ئەم کارە ستراتیژییە گەورەیە، تەنیا بە تێگەیشتن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونەکانی، دەستنیشانکردنی ھەبوون و بڵاوبوونەوە و سەنگ و کاریگەرییەکەی دەکرێت، ھەروەھا بەستنەوەی بە خاکی دەوڵەتەوە بە شێوەیەک کە پەیوەندییەکی پێشکەوتوو بێت لە دڵسۆزیی ئارەزوومەندانە و متمانە بە سیستەمی فەرمانڕەوایی، لە ڕووی لێھاتوویی بەڕێوەبردن و دادپەروەریی لە مامەڵەکردن و جێگیریی و ڕوونیی ئاراستەکەیەوە.
چەندین دەوڵەت ھەن، چ لە مێژوودا و چ لە ئێستادا، کە کاریان لەسەر ئەم چەمکانە کردووە و سەرکەوتوو بوون، لە بەرامبەر قەیران و جەنگەکانیشدا خۆیان ڕاگرتووە. لە بەرامبەریشدا، نموونەی دیکەی مێژوویی و زیندووش ھەن، کە پلانیان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار داناوە تەنیا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، لە ئەنجامدا یان نەماون یان پووکاونەتەوە. یانیش ئەگەر مابێتنەوە، ئەوا بەھۆی دەسەڵاتێکی پۆڵایینی خنکێنەر و لە چوارچێوەی ھاوسەنگیی ھێزەکاندا بووە، بەڵام تەمەنیان کورتە، چونکە ئەمە سرووشتی شتەکانە.
ھیچ شتێک ھێندەی ئەم سێ شتە بۆ دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا مەترسیدار نییە: درۆ، خەیاڵ، و خۆبەھێزکردن لەسەر حیسابی سەروەریی، ئینجا ئەگەر ھەرسێکیان پێکەوە کۆبوونەوە، ئەوا وەک ئەوە وایە سێ نەخۆشیی کوشندە لە جەستەیەکدا کۆببنەوە، ئەگەریش لێی چاک ببێتەوە، ئەوەندە لاواز دەبێت، کە چیتر ھیوای ھیچ ھەوڵ و کۆششێکی لێ ناکرێت.
دەڵێن، (ئینجا گێڕانەوەکە ڕاستیی بێت یان خەیاڵیی، گرنگ ئەوەیە ئامانجدارە) کە عەبدوڵڵای گەورە کوڕی محەمەد (ئەبو جەعفەر)، ناسراو بە مەنسوور، دووەم خەلیفەی عەباسییەکان، پرسیاری لە یەکێک لە ئەمەوییەکان کردووە: "ئێمە شۆڕشمان بەسەر ئێوەدا کرد، ئەی ئێوە چۆن بوو ڕووخان؟"
وەڵامی دایەوە: "کاروباری بچووکمان دایە دەست کەسانی گەورە و کاروباری گەورەمان بە کەسانی بچووک سپارد. دوژمنمان لە خۆمان نزیک کردەوە بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەین و ھاوپەیمانەکانیشمان لە خۆمان دوورخستەوە، چونکە لە وەفادارییان دڵنیابووین."
ئەم قسەیە (ئەگەر ڕاست بێت)، ھەرچەندە تەمەنی لە ھەزار ساڵ زیاترە، بەڵام وتەیەکی کاریگەرە و ئەگەر دەسەڵاتێک کاری پێ بکات، کە نایەوێت دەستبەرداری عەقڵیەتی فەرمانڕەوایی کۆن بێت، ئەوا ھەمان ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە و ھەمان ڕووداوی بەسەردا دێت.
دەسەڵاتێک کە ژینگەیەکی لەبار بۆ لەناوچوونی خۆی دروست دەکات، بڕیارەکانی شڵەژاو و ھەڵوێستەکانی پەرتەوازەن، لە نێوان نھێنی و ئاشکرادا ململانێ دەکات، لە واقیع ھەڵدێت، نایەوێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، بەدوای ڕەزامەندیی ئەو بەھێزانەدا دەگەڕێت، کە خاڵە لاوازەکانی دەزانن و ھەر خۆشیان ھۆکاری ئەو لاوازییەن.
ئەو کەسەی نایەوێت خۆی بە لێکۆڵینەوەی ئابوورییەوە ماندوو بکات و ئەوەی پلاندانان بە خۆشییەکی فیکری دەزانێت و ئەوەی وادەزانێت کە چینەکانی کۆمەڵگە بە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ باسکردنی دەستکەوتەکانی بەھێز دەبن و ئەوەی پرسیار لە چارەنووسی بەھای دراوەکەی ناکات و ئەوەی پێگە و پۆستەکەی تەنیا بۆ تامکردنی ئەو شیرینییە دەوێت، کە لە ژیانیدا نییەتی، حەرامە گەلان شانی خۆیان بە ھەڵگرتنی کەسانی لەم جۆرەوە قورس بکەن.
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن