ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، لە یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەڵێت، “پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیان و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:
لە حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ھەیە. ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە، ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و ھاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، ھاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە.
لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، ئافرەتانی کوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوون.
لەم یادەدا، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیان و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا. بڕوای تەواومان ھەیە کە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێت.
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ئافرەتانەی لەپێناو ئازادیی کوردستان و مافەکانیاندا گیانیان بەخشی.
ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
٢٠٢٥/١٢/١١