ھەولێر-KDP.info- یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە بۆنەی (۷۳)یەمین ساڵیادی دامەزراندنیانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.
جەماوەری سەربەرزی کوردستان..
ئافرەتانی تێکۆشەر و پێشەنگ..
لە ڕۆژێکی پرشنگداری وەک ئەمڕۆدا، ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٢، بە بڕیار و دیدگای دووربینانەی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد (مەلا مستەفای بارزانی)، یەکەمین وێستگەی ڕێکخراوەیی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەشداریپێکردنیان لە کایەی سیاسی و نیشتمانیدا لەدایکبوو. ئەمڕۆ کە یادکردنەوەی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەینەوە، بە شانازییەوە لەژێر ڕۆشنایی دروشمی (٧٣ ساڵ.. مێژووی پڕ سەروەری، داهاتووی پڕ دەستکەوت) مۆمی ساڵێکی نوێی خەبات دادەگیرسێنین.
مێژووی پڕ سەروەری؛ گوزارشتە لەو کاروانە زێڕینەی کە ئافرەتانی کوردستان بە درێژایی حەفتا و سێ ساڵ بە ماندووبوون و قوربانیدان تۆماریان کردووە. یەکێتییەکەمان تەنها ڕێکخراوێک نەبووە، بەڵکو قوتابخانەی پێگەیاندنی هەزاران شێرەژن بووە کە لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان و لە داستانەکانی بەرگری و قۆناغی ڕاپەڕیندا، هاوشانی پیاوان پارێزەری خاک و ناسنامەی نەتەوەیی بوون. ئەم مێژووە سەروەرییەکە کە دەبێت نەوەی نوێ شانازی پێوە بکات و وەک ئیلهامێک بۆ بەردەوامی لێی بڕوانێت.
داهاتووی پڕ دەستکەوت؛ نەخشەڕێگا و بەڵێنی ئێمەیە بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو. ئێمە لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە خەباتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە تێیدا ئامانجمان تەنها بەشداریکردن نییە، بەڵکو بەدەستهێنانی دەستکەوتی چۆنایەتییە لە بوارەکانی زانست، ئابووری، بەڕێوەبردن و ناوەندەکانی بڕیار. داهاتوویەک کە تێیدا ئافرەت کۆڵەکەی سەرەکی گەشەپێدانی کۆمەڵگە و پاراستنی بەها باڵاکانی خێزان بێت.
لەم یادە پیرۆزەدا، وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە:
١. بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و پاراستنی ئەو ئەزموون و قەوارەیەی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، وەک هەمیشە پاڵپشتی سەرەکی سەرۆک بارزانی و دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان دەبین.
٢. کاردەکەین بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەک، لە ڕێگەی برەودان بە هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان تاوەکو توانا شاراوەکانیان بخەنە گەڕ.
٣. هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ ئەوەی داهاتووی کوردستان بە دەست و بازووی ئافرەتانی لێهاتوو بنیاد بنرێت و سەردەمی داهاتوو، سەردەمی چنینەوەی بەرهەمی ئەو خەباتە بێت کە پێشینانمان چاندوویانە.
لەم ساڵیادەدا; سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان سەروەرییان بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد، و ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی کە سەرمەشقی ئەم کاروانە بوون.
پیرۆزە ساڵیادی (١١ی ١٢)، ئەم یادە دەکەینە هەوێنی نوێبوونەوە و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
۱٠ی ١٢ی ٢٠٢٥