ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "لەژێر چاودێری وردی سەرۆکی حکوومەت و بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، ھاوکاری دەگەینینە ھەموو ئەو ناوچانەی لە سنووری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە خەڵک گەیشتوون، ئێستا بەشێک لە ھاوکاری گەیشتوون، تا ئێوارەش ھاوکاری دیکە دەگەن و پێشکەشی خەڵکی زیانیانبەرکەوتوو بەھۆی لافاو دەکرێن."
سروە ڕەسول "بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند "وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ بەردەوام لەخەت بووە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەوردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات، ئێمەش بەردەوام لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان لەخەتین و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە گەرمیان و سلێمانی خەریکی ھەڵمەتی گەیاندنی ھاوکارین، ئێستا خۆراکی گەرم لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییەکان دابین کراوە، کە دوای ئەوەی داوامان لێیان کرد دوێنێ بەدەممانەوە ھاتن، لەوانە دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەزگای ڕوانگە، دەزگای کوردستان فاوندەیشن، دەزگای خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی، دەزگای گەلیاوە، کۆمپانیای قەیوان و چەند کۆمپانیای دیکە."
سروە ڕەسول گوتیشی "ئەو دەزگا و ڕێکخراو و کۆمپانیایانە ڕۆڵی گەورەیان ھەبوو لە دابینکردنی ئالیات، دەزگای خێرخوازی بارزانی خواردنی گەرمی دابین کردووە و پێشکەشی خەڵک دەکرێت، خێمە ھەڵدراوە، تا ئێوارە بڕێکی زۆری ھاوکاریش دەگاتە ئەو ناوچانە، ئەوانەی پێویستن بەخێرایی دابین دەکرێن، ھاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتووە، ھاوکاری دەزگای ڕوانگە و کوردستان فاوندەیشنیش لە ڕێگان تا ئێوارە ئەوانیش دەگەن، ھاوکارییەکانیش نەوت و سۆپە و کەلوپەلی ناوماڵن، ئێمەش لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکەین، ئەوەی پێویست بێت بۆ ئەو ناوچانە دەیکەین، چونکە زیانی زۆر بەو ناوچانە گەیشتووە."
بڵند ئیبراھیم