ھەولێر-KDP.info- کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بە ئامانجی پەرەپێدانی توانای ژیانپارێزی و بەهێزکردنی هەوڵە فریاگوزارییەکان، بڕێک کەلوپەلی پێشکەوتووی فریاگوزاری و چاودێریی پزیشکیی بەخشییە فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی.
ڕۆژی چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، لاپەڕەی فەرمیی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە: لە ڕێوڕەسمێکدا کونسوڵخانەی ئەمریکا ژمارەیەک ئامێر و پێداویستیی گرنگی خستە بەردەست هێزەکانی زێرەڤانی، کە پێکهاتوون لە کەلوپەلی پێشکەوتووی فریاگوزاریی سەرەتایی و ئامێری تایبەت بە چاودێریی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی کاتی شەڕ، هەروەها چەندین کەرەستەی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان.
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم هاوکارییانە کە نیشاندەری ئاستی بەرز و داهێنانی تەکنەلۆژیای ئەمریکین لە بواری پزیشکیدا، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە باشترکردنی تواناکانی هێزەکانی زێرەڤانی بۆ پاراستنی ژیانی پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی ئاستی وەڵامدانەوەی خێرا لە کاتە هەستیارەکاندا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هاوبەشێکی سەرەکیی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمریکا جگە لە دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ مووچەی بەشێک لە لیواکان، بەردەوام لە ڕێگەی دابینکردنی ئۆتۆمبێلی سەربازی، چەک، مەشقپێکردن و ڕاوێژکارییەوە، پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا.

