ھەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2025/12/6 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له په‌یامێكدا بۆ کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی كه ده‌م پارتى ڕێكیخستووه و له ئیستانبوڵ به‌ڕێوه چوو، هه‌موو پشتگیرییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئاشتى له توركیا دووپات كرده‌وه.
په‌یامه‌كه له‌لایه‌ن به‌ڕێز دلشاد شهاب نوێنه‌رى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خوێندرایه‌وه. ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
بەڕێزان ئامادەکارانى كۆنفرانس،
میوانان و بەشداربووانی ئازیز،
ڕۆژتان باش،
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ بانگهێشتكردنم بۆ ئه‌م كۆنفرانسه.
دیدگای ئێمە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی، دیدگایەکی نەگۆڕ و ستراتیژییە. بڕوامان وایە کە ئاشتی تەنها بێدەنگبوونی چەک نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە بۆ بنیاتنانی متمانە، قبووڵکردنی یەکتری و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان جیاوازییەکاندا.
توندوتیژی و ململانێ، جگە لە وێرانکاری و دواکەوتن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی بۆ گەلان نەبووە. بەڵام هەر کاتێک دەرگای گفتوگۆ کراوەتەوە، هەر کاتێک ئیرادەی سیاسی بۆ ئاشتی هەبووە، دەرفەتی گەورە بۆ گەشەسەندن و سەقامگیری هاتووەتە ئاراوە.
تورکیا وڵاتێکی گرنگ و دراوسێیەکی ستراتیژیمانه. سەقامگیری و پێشکەوتنی تورکیا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە هەیە. تورکیا لە ئاشتیدا بەهێزترە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت.
ساڵانی ڕابردوو، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیمان له ئاشتى کرد. ئه‌و قۆناغه سه‌لماندی كه گفتوگۆ دەتوانێت دەسکەوتی گەورە بۆ هەموو لایەک بەدەست بهێنێت. ئەمڕۆش، هه‌موو پشتگیرییه‌كمان بۆ سه‌رخستنى ئاشتى دووپات ده‌كه‌ینه‌وه. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکەدا.
پرۆسەیەکی وا گرنگ لە قوناغێکی وا هەستیاردا، ده‌كرێ ئاستەنگی بۆ دروست ببێت، به‌ڵام ده‌بێ ئەو ئاستەنگانە نەبنە هۆکار بۆ ساردبوونەوە له ئاشتی. سەرکەوتنی ئاشتى پێویستی بە پشوودرێژی هەیە. چەند کاتی پێویست بێت، وا دەخوازێت بەردەوامیی هەبێت.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشى له جه‌نابى سه‌رۆك ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان بكه‌م بۆ ڕۆڵی گرنگ و دیدگای ئازایانەی له كرانه‌وه به‌ڕووى ئاشتیدا. ئه‌مه هەنگاوێکى مێژوویییه کە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز، ئازایەتی، بوێرى، قوربانیدان و گیانى بەرپرسیاریهتى هه‌یه.
هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له به‌ڕێز ئۆجالان و به‌ڕێز ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى و هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تى و لایه‌نانه ده‌كه‌ین كه په‌رۆشى ئاشتین و كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان سه‌ركه‌ون. هه‌موو ئه‌وانه‌ى درک بەوە دەکه‌ن كه داهاتوو تەنها لەسەر بنەمای ئاشتی و سەقامگیری بنیات دەنرێت.
لە کۆتاییدا، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوازم.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان