ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێ، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ڕێگەی نێوان سۆران - چەمێ بکرێتە دووساید، هاوکات گرووپی ھێمن بۆ ئامادەکردنی دیزاینی پڕۆژەکە و جێبەجێکردنی ڕاسپێردراوە.
د. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ٢٦ی ١١ ئاگادار کراینەوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی نیشانداوە بۆ بەدووسایدکردنی ڕێگای سۆران بۆ چەمێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕێگاکە لە زارگەلی دەست پێدەکات تا دەکاتە گوندی چەمێی سەر بە ناحیەی شێروان مەزن، ھێمن گرووپیش ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت، پڕۆژەکە نزیکەی ٥٤ کیلۆمەتر دەبێت و پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوندی چەمێی دەڤەری مێرگەسۆر دەبەستێتەوە، کە لە داھاتووشدا ڕێگاکە تەواو دەکرێت تا بە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ببەسترێتەوە و دەبێتە رێگەیەکی سەردەمیانە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا، پڕۆژەکەش بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و یەکێکە لە رێگە ستراتیژییەکان و بەشێکە لە شادەماری رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان.
د. ئاگرین عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە، تەواوبوونی پڕۆژەکە، کاریگەری لەسەر بواری ھاتووچۆ دەبێت، چونکە چەندین گوند و قەزا و شارەدێ سوودمەند دەبن لە بەدووسایدکردنی ڕێگاکە، ھەروەھا ئاسانکارییەکی زۆریش دەکرێت تا ھاووڵاتیان بە ڕێگایەکی سەلامەتدا ھاتووچۆ بکەن و ڕووداوەکانیش کەمتر دەبنەوە.
قائید میرۆ