ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، کردنەوەی تەلاری گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونی گرنگیدانی ئەو وڵاتەیە بە ھەرێمی کوردستان.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە کردنەوەی گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "کردنەوەی تەلاری کۆنسووڵگەریی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەک گەورەترین کۆنسووڵگەریی گشتی لە ھەولیری پایتەختی ھەرێمی کورستان، ئاماژەی ڕوونە بۆ گرنگیدانی ئەو وڵاتە بە ھەرێمی کوردستان و دیدی ستراتیژی ئەو وڵاتە بۆ ھەرێم، کە تەلارەکە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەو کاتەی ئەمەریکا لە عیراق، بەردی بناغەی بۆ دانرا، بڕیار بوو تەلاری کۆنسووڵگەری گشتی زۆر زووتر تەواو بێت، بەڵام لەبەر زیادبوونی گرنگیی ڕۆڵ و ئەرکی کۆنسووڵگەرییەکە نەخشە و وردەکارییەکانی بیناکان گۆڕانکاریی بەردەوامیان بەسەردا ھات.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها گوتیشی، "لە دوای دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی تر و ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە و کۆنسووڵی گشتی لە ھەولێر گۆڕدران و ھەریەک لەوان خوازیار بوون شەرەفی کردنەوەی تەلاری کۆنسووڵخانەیان پێ ببڕێت، بەڵام فراوانبوونی ژمارەی باڵاخانەکان و زیادکردنی ئامراز و ئامێرەکانی پاراستن و بەرگری، ماوەی تەواوبوونەکەیان دریژتر کرد.
سیوەیلی دەشڵێ، ئێمە نازانین سیستمی بەرگریی بارەگایەکی دیپلۆماسی وەها گرنگ چۆن ڕێکخراوە، بەڵام بیگومان وەک دەزانین ھەڕەشە بەردەوامەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەوە دەخوازن کە سیستمی نوێی بەرگری دانرابێت و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم مەسروور بارزانی ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ستیڤن بیتنەر کۆنسووڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان سەردانی شوێنەکەیان کرد و سەرۆکی حکوومەت گوتی، ئەم کۆنسووڵگەرییە نیشانەی گرنگیدانی ئەمەریکایە بە ھەرێم و ئیمە ھیوادارین و بەو ئاراستەیەش کاردەکەین کە بینای نوێی کۆنسووڵگەریی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان ئەمەریکا و ھەرێم و عێراق پتەوتر بکات و زیاتر بەرەو پێشەوەیان بەرێت، بۆیە پێویستە لایەنە عێراقییەکان و دەرەوەی عێراقیش، گەشبین بن و وەک ھەوڵێکی جیددیی پێشکەوتن و پەرەپێدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیان سەیری بکەن.
بڵند ئیبراھیم