Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 14 MAR 2026 05:02 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بۆ ڕای گشتی عێراقییەکان
| KDP.info


فازڵ میرانی

ژیانی ئێمە و ژیانی ئێوە، بەرپرسیارێتییەکە و پێویستە لە بەرانبەریدا وەفادار بین، ئەمنییەتی ئێوە و ئەمنییەتی ئێمە لە ئەستۆی لایەنە یاسایی و کارگێڕییە دیار و ناسراوەكاندایە، لەسەریان پێویستە بە شێوەیەکی تۆکمە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ ڕێگریکردن لە تاوان، ئەگەریش تاوانێك بەسەریاندا تێپەڕی، دەبێت تاوانباران دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگایەکی دادپەروەریان بکەن.

لە ڕابردوودا ڕژێمەکانی عێراق خاکیان بۆردومان دەکردین، كەسوكاری ئێمەیان دەکوشت، بەبێ لێپرسینەوە دەستگیریان دەکردین، بە هەموو جۆرە چەکێک لێیان دەداین، ناسنامەیان لێ دەسەندینەوە و ئاوارەیان دەکردین.

ئەوانەی لە کاری نیشتیمانی و خەبات و تێکۆشاندا هاوبەشمان بوون، باش لەبیریانە چۆن بە شكۆ و ڕەوشتی سوارچاکانەوە، بەرگریمان لە ژیانی خۆمان دەکرد، هیچ کارێکمان ئەنجام نەدا، کە هاووڵاتییانی مەدەنی بکاتە ئامانج و هەرگیز بیرمان لەوە نەکردەوە زیان بە ژیانی عێراقییەکان بگەیەنین، ئەمەش لەبەر شارەزابوونمان لە بنەماكانی بەرگری و باوەڕبوون بە ڕەوشت و ئەرک و بەرپرسیارێتیمان بوو، كە هەر ئەوانەش بوونە ڕێگر لەوەی دابەزین بۆ ئاستی سیفەتەکانی دوژمنەكەمان.

ئێمە نە ئایدۆلۆژیایەكی بەکرێگیراو بووین، نە چەکێک بووین كە بەرژەوەندی تایبەت بمانجووڵێنێت، ئینجا چ هەرێمایەتی چ نێودەوڵەتی، ئێمە ئازادبووین و هەر بە ئازادییش ماوینەتەوە، بژاردەکانی خۆمان پاراستووە لەوەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ دەستتێوەردانی ئەوانەی یاری بە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکەن.

هێرشە دوژمنكارییە بەردەوامەكان بۆ سەر ئێمە، لەدوای گۆڕانی ڕژێمەوە، جۆراوجۆربوون و پەرەشیان سەند، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستییان ئاشکرا کرد، کە لە ئێمە شاراوە نەبوون، ئەگەرچی ڕەنگە لەبەرچاوی شەقام و ڕای گشتیدا دیار نەبووبن.

لـەوانەش:

یەکەمیان: تیرۆر شێوەیەکی دیاریکراو و ناسنامەیەکی ڕوون و یەك ئینتیمای نییە، بەڵكو هەر کارێک کە زیان بە بەرژەوەندییە شەرعی و یاساییەکان بگەیەنێت، بە کردەوەیەکی تیرۆریستی دادەنرێت، جا ئەو کارە بە پڕوپاگەندەی درۆ بێت یان بە بەکارهێنانی چەک.

ئەو کەسەی لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، لە یەکی شوباتی 2004، خۆی لە بارەگای ئێمە و بارەگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەقاندەوە و کۆمەڵێک کەسی بێتاوانی شەهید کرد، دەرچووی هەمان قوتابخانەی ئەو کەسانەوەیە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆردومانمان دەکەن و بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگه‌کان دادەنێن، زیانگەیاندن هەر زیانگەیاندنە، بیانوو هەر بیانـووە و توندوتیژیش هەر هەمان توندوتیژییە.

دووەمیشیان: لێدوانە دووبارەکان دەربارەی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی ئەرکەکانیان (کە لە ڕاستیدا ئێستایش هەر وا دەکەن) چەندینجار کەوتووەتە ژێر تاقیکردنەوەی جدییەوە، بەڵام نە ڕێگری لە هێرشەکان کراوە و نە تاوانبارانیش دەستگیر کراون. 

ئەم پرسە چەندین دیووی هەیە، دیووێكیان بریتییە لە لاوازیی ئەدای ئەو هێزە ئەمنییانە و نەبوونی کەلوپەلی پێویست، هەروەها لاوازیی لە بڕیاری ئەمنیی و سیاسیدا، کە هۆکارەکەیشی ئەوەیە ئەنجامدەران ناسراون، بەڵام بڕیاری سیاسی و ئەمنیی بەهۆی ئەم هاوکێشە زیانبەخشەوە کۆتوبەند کراوە، ئەوەیش هەڕەشەیە لەسەر ئێستا و داهاتووی عێراق، مەبەستمان لە هەڕەشە پرسی سەروەریی و فرەناوەندیی بڕیارە، لەگەڵ ترس لەو لایەنانەی کە پێدەچێت دڵنیابن لەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا ناکرێت.

بۆردومانکردنی کوردستان، جا گەڕەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان بێت یان دامەزراوە ژیاری و خزمەتگوزارییەكان، کارێکی تیرۆریستییە، لە سەرووی هەموو ئەمانەیشەوە، کارێکە ئامادەگی و ئاستی پێشکەشکردنی (خزمەتگوزاریی بۆردومانکردن) نیشان دەدات، کە ئەوەیش كرێگرتەییە بۆ بەرژەوەندیی ئەوانەی نایانەوێت عێراق خۆبژێوی بە سامانە ناوخۆییەکانی خۆیەوە بكات.

دابینکردنی وزە بۆ تۆڕی کارەبای عێراق، کە بەهۆی بۆردومانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕێکی زۆر لە توانا و پێداویستییەکانی خۆی لەدەستدا، بووەتە هۆی زیانێکی گەورە لەسەر ئاستی هاونیشتیمانیان و حکوومەت، کاریگەرییەكی خراپی لەسەر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ماڵان و نەخۆشخانە و فەرمانگەکانی وزە دروست كردووە، ئایا بۆردومانکاران چ خزمەتێکی شەرعی یان نیشتیمانییان پێشکەش بە عێراقییەکان کرد؟

دانانی سەكۆیەكی مووشەکیی یان بەکارخستنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆردومانکار، کارێکی نهێنی نییە، بەڵکو لەژێر سێبەری هێزێکدا پەردەپۆش كراوە، کە ڕێگری لە سزادانی ئەنجامدەران دەکات، ئەمە کارێکە بە پلان و بەرنامەی داڕێژراو ئەنجام دەدرێت، بەڵگەش ئەوەیە توانیویەتی ئەو زەرەر و زیانە بنێتەوە، کە خۆیان مەبەستیان بووە.

بـە دڵنیاییەوە ئەرکی دەسەڵاتە لەسەر ئاستی جەماوەریی و ڕاگەیاندنەوە ئەم كردەوانە بە تاوان بناسێنێت، هەروەها پێویستە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکان بدات بۆ پشتبەستن بە کەسانی بێلایەنی لێهاتوو و پڕچەککردنیان بەو ئامرازانەی، کە سەلامەتیی عێراقییەکان و سامانەکانیان دەپارێزن، ئەمەش بۆ ئەوەیە پابەندی ئەو سوێندەبن، کە لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا دەیخۆن.

 

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن




دوایین هەواڵەکان

ئەم بڕیارە ئاراستەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کرا

FRIDAY, 13 MARCH 2026 23:03:07

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوەماسی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ڕێکاری توندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 
مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرەخۆشی لە هەڤاڵ (ئاکۆ نوری) دەکات

FRIDAY, 13 MARCH 2026 23:03:41

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پرسەنامەیەکدا بۆ هەڤاڵ (ئاکۆ نوری)، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی باوکی بەڕێزیان، خوالێخۆشبوو (نوری ساڵح قادر) دەربڕی.

 
سیروان بارزانی: ئەم هێرشە لەم کاتە سەختەدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری وڵات

FRIDAY, 13 MARCH 2026 22:03:30

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە (گوێڕ-مەخموور)، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی سێ درۆنەوە هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی فەرەنسا لە میحوەرەکەمان.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا

FRIDAY, 13 MARCH 2026 18:03:00

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی، ٢٠٢٦/٣/١٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردووی سنووری مەخمووری بۆ سەر سەربازگەیەکی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھێزەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فەڕەنسی گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە جووتیار عادل دەکات

FRIDAY, 13 MARCH 2026 18:03:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکییەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact