Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 28 NOV 2025 04:13 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی تووندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.

ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە ھێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان

لە نێوان ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٥ دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە ھەرێمی کوردستان، دووچاری ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو ھێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و ھەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان.

لیژنە ھاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە ٢٨ی تەمموزی ٢٠٢٥ سەردانی ھەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد  و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم ھێرشانەدا بەکارھێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی ھەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ھاوسنووری ھەرێمی کوردستانە.

ھەروەھا دەزگا ئەمنیی  و ھەواڵگرییەکانی ھەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.

لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکھێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە ھێرشەکان.

بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی ھیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە ھێرشە تیرۆریستییەکان،  دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان  بە ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە  چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە ھەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە.

ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێھەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا ھانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان. 

ھێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

 

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٥/١١/٢٧

 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری تەندروستی: هێرشەکەی کۆرمۆر یارییە بە ژیانی هەزاران نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەری

THURSDAY, 27 NOVEMBER 2025 20:11:00

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تونددا ھێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە لوتکەی دژایەتیکردنی مرۆڤایەتی و بێویژدانی وەسف دەکات و ھۆشداری دەدات لەوەی، ئەم کردەوەیە تەنھا بڕینی وزە نییە، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و خستنە مەترسیی ژیانی ئەو نەخۆشانەی لە دۆخێکی ھەستیار و کتوپڕدان.

 
پەیامی ھاوخەمی بارەگای بارزانی بۆ کۆچی دوایی ھونەرمەند خەلیل وەندی

THURSDAY, 27 NOVEMBER 2025 20:11:00

ھەولێر-KDP.info- بارەگای بارزانی، بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو ھونەرمەندی گۆرانیبێژ خەلیل وەندی، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەیان دەکات.

 

یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات

THURSDAY, 27 NOVEMBER 2025 18:11:26

ھەولێر-KDP.info-  نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر نیگەرانن و هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی هاووڵاتیان سەرکۆنە دەکەن.

 
بارەگای بارزانی: زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر

THURSDAY, 27 NOVEMBER 2025 17:11:56

ھەولێر-KDP.info-  بارەگای بارزانی رایدەگەیەنێت، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەم هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتیانە.

 
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پرۆفیسۆر ڕەشاد میران دەکات

THURSDAY, 27 NOVEMBER 2025 17:11:23

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/27، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆمەڵناسی ناسراوی کورد پرۆفیسۆر ڕەشاد میران کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact