هەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان له ههرێمی كوردستان ڕاگەیاندرا و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێریش دڵنیایی دهدات كه بە نوێترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا، مامەڵە لەگەڵ تاوانە دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنییەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان بهگشتی و ئافرەتان و کچان به تایبهتی دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتەبەر.
ڕۆژی 25ی تشرینی دووەم لەساڵی 1999ەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەک ڕۆژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژ به ئافرهتان دیاری كراوە، لە هەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی 16 ڕۆژ هەڵمەتێكی نیشتمانی ڕادەگەیەنرێت، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی ههرێمی كوردستانیش چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عەمید کامل بەررنجی)، پهیوهست به ڕۆڵی پۆلیس و له كهمكردنهوهی تاوانە دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنییەکان تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "وێڕای ئەوەی شەو و ڕۆژ لە ئەرکداین لە پێناو پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیان، لهگهڵ ئهوهشدا بە نوێترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا، مامەڵە لەگەڵ تاوانە دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنییەکان بەرامبەر ئافرەتان و کچان دەکەین و پاراستنیان به ئهركی سهرشانی خۆمان دهزانین و ڕێوشوێنی پێویستیشمان گرتۆتهبهر.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتیشی، "لە کاتی بوونی هەر تاوانێکدا، هاووڵاتیان دەتوانن بە زووترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی پۆلیسەوە بکەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەشڵێ، لە پێناو کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، کە هەرگیز نەکەونە ژێر کاریگەریی هەڕەشەی تاوانکارانی ئەلیکترۆنی و لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەنا بۆ هیچ ڕێگهچارەیەکی دیکە نەبەن، بەڵکو لەبری ئەوە، بە زووترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بکەن بە ژمارەکانی:
07508088080
104
134
ئومێد بابان