ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "بە نووسراوی فەرمیی داوای پێداویستی زستانەمان بۆ ئاوارەکان کردووە، تا ئێستا حکوومەتی عێراق بێ وەڵامە و ھاوکاری ئاوارەکان ناکات، بۆیە زیاتر لە ٨٠%ی خەرجیی ئیدارەدانی ئاوارەکان لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە."
سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشیی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ،"ئێمە نووسراومان ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە، بەھۆی ئەوەی تا ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی سووتەمەنی یاخود پێداویستی بۆ ئاوارەکان لە وەرزی زستان دابین بکرێت، ھاوکاریی حکوومەتی عێراق بۆ ئاوارەکان زۆر کەمبووە، لەکاتێکدا پێویستە مانگانە دوو جار سەلەی خۆراکیان بۆ دابین بکرێت، ئەوان ساڵانە دووجار دابینی دەکەن، لەڕووی خزمەتگوزاری و پێداویستیش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ھیچ ھاوکار نەبوون."
سروە ڕەسول گوتیشی "لە پرسی لێکدانی کەمپەکانیش کە بڕیار بوو ھاوکارمان بن، زیاتر لە ساڵێکە چاوەرێیان دەکەین، ھیچ ھەنگاوێکیان نەناوە، چونکە خەرجی ئیدارەدانی کەمپەکان زۆرە و حکوومەتی عێراقیش ھاوکار نیە، ڕێکخراوەکانیش ھاوکارییان کەمکردۆتەوە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر و ٣٣ کەمپ ھەن، ٣٠%ی ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانن، ئەوانەی دیکە لە دەرەوەی کەمپەکانن، بۆیە ئێستا زیاتر لە ٨٠%ی خەرجی ئیدارەدانی ئاوارەکان لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە."
بڵند ئیبراھیم